بڕیارە شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی بکات و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستاندا کۆبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی سەباحی تورکی بڵاویکردەوە، ڕەزامەندی لەسەر داوایەکی دەم پارتی دراوە بۆ چوونە گرتوخانەی ئیمرالی و ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەدا.
ڕوونیشیکردەوە کە شاندەکە لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکدێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەینێ بچنە ئیمرالی.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەریەک لە توڵای هاتیمئۆغڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوایەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردبوو بۆ بینینی ئۆجالان و ئامانجی سەردانەکەش زیندووکردنەوەی پرسی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا.