یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی داوای مووچەخۆرانی هەرێم و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچە دەكات و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە دەڵێت: “تەوتین كێشەی مووچەخۆران چارەسەر دەكات نەك هیچ پڕۆژەیەكی دیكە”.
زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، “یەكێتی تەئكید لەجێبەجێكردنی سەرجەم ئەو بەڵێنانە دەكاتەوە، كەلەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەجەماوەرەكەی داوە، بەتایبەت پرسی جێبەجێكردنی تەوتینی مووچەی مووچەخۆران لەهەرێم، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێكی داوە تەوتین جێبەجێ بكرێت، نەك هیچ پڕۆژەیەكی دیكە”.
ڕاشیگەیاندووە، “جێبەجێكردنی تەوتین داواكاری مووچەخۆران و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیشە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی لەجێبەجێكردنی دەكات و پێمان وایە تەوتین چارەسەری كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات، هاوكات بافڵ جەلال تاڵەبانیش تەئكید لەجێبەجێكردنی تەوتین دەكاتەوە”.
زیاد جەبار وتیشی: “بۆ جێبەجێكردنی تەوتین، یەكێتی لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، هەروەها هەموو ڕێگەیەك دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو داوایەی مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بكەین”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند، “هەژماری ئەوان مەكەن و بڕۆن تەوتین بكەن” بەڵام حكومەتی هەرێم و تیمی پارتی لە حكومەت جەخت دەكەنەوە لەسەر جێبەجێ كردنی هەژماری من و دەڵێت: بە دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پڕۆژەیە پەسەند كراوە.