دەسەڵاتدارانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، رەزامەندییان وەرگرتووە و دەڵێن”لەڕێگەی عێراقەوە تێچووی هەناردەیان بۆ کوەیت کەمدەکەنەوە”.
ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی کانونی یەکەمی 2024، پشتڕاستی کردەوە، عێراق ڕێگەی بە بارهەڵگرەکانی ئێران داوە لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بپەڕنەوە بۆ ناو کوەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی هەناردەی ئێران و تێچووی گواستنەوەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
ئەمین فەرتووسی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و کوەیت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا پشتڕاستی کردەوە، کە عێراق مۆڵەتی بە ئێرانییەکان داوە کە لە ڕێگەی خاکەکەیەوە کەلوپەل ترانزێت بکەن بۆ کوێت.
وتیشی، لەئێستادا ڕێگای هەناردەی کەلوپەل و مەکی ئێران بۆ کوێت، لە قۆناغی یەکەمدا لەڕێگەت ئاوی دەبێت، پاش گەیشتن بە بەندەر دواجار دادەگیرێن و لەڕێگەی بارهەڵگرەوە دەگوازرێنەوە.
ڕاشیگەیاند، ڕێپێدانی عێراق سوودی زۆری دەبێت، بەتایبەت کاتی گواستنەوەی کاڵاکان لە شەلەمچە بۆ ناو عێراق، و لەوێوە بۆ دەروازەى سەفوان بۆ خاکى کوێت نزیکەى کاتژمێرێکى پێدەچێت، ئەمەش مەودای گواستنەوە کەمتر دەکاتەوە بەراورد بە دەرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە باشییەکانی گواستنەوەی وشکانی کەلوپەل بۆ کوەیت لە ڕێگەی عێراقەوە ئەوەیە، کاڵاکان لەسەر بارهەڵگرەکان لە سەرچاوەکەدا باردەکرێن، دواتر لە شوێنی مەبەست دادەبەزێنرێن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات دابگیرێت و دووبارە باربکرێتەوە، ئەمەش تێچووی گواستنەوە کەمدەکاتەوە.
ئەو ئەندامە وتیشی، ئەم هەنگاوە هێشتا لە قۆناغی وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرەتاییدایە لە بەرپرسانی عێراق، و تا ئێستاش هیچ کاڵایەکی هەناردەکراو نەنێردراوە لە ڕێگای ترانزێتی عێراقییەوە بۆ کوێت، بەڵام “ئەگەر ئەم ڕێگایە جێبەجێ بکرێت، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بازرگانی نێوان ئێران و کوێتدا روودەدات”.
فەرتووسی ڕوونیشیکردەوە، کوێتیەکان داوای کەرەستەی کانزایی وەک، چیمەنتۆ، بەرد، سەوزە و میوە، و خواردنە دەریاییەکان لە ئێرانەوە دەکەن و ساڵانێکە ئەم بەرهەمانە لە ڕێگەی دەریاوە هەناردە دەکرێن بۆ بازاڕی کوێت، بەوەرگرتنی ئەم ڕەزامەندییە کاتی ناردنی کاڵاکان بۆ کوێت لە ڕێگەی ترانزێتی عێراقییەوە ئەوەندە کورت دەبن، کە ڕەنگە هەندێک شتومەکی خۆراک تەنانەت پێویستیان بە بارهەڵگری ساردکەرەوەش نەبێت.