سەرۆکی تورکیا هەڕەشە لە شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و ڕایگەیاند ئەگەر چەک دانەنێن بە چەکەکانتانەوە دەتاننێژین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا لەبەردەم فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا هەڕەشەی لە شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
ئەردۆغان داوای لە شەڕڤانان کرد چەکەکانیان دابنین و ڕایگەیاند، “یان دەبێت چەک دابنێن یان دەبێت لە نێو خاکی سووریادا بە چەکەکانیانەوە بنێژرێن”.
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.
لە دوێنێ شەویشەوە شەڕ و پێکدادانی سەخت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بەردەوامە و ئەمڕۆش ئەنجومەنی سەربازیی منبج ڕایگەیاند پێنج چەکداریان کوشتووە.