بافڵ تاڵەبانی: بۆ مووچە لەگەڵ عێراق گەیشتینە ئەنجامی ئەرێنی



سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق کرد و ڕایگەیاند، پابەند بە دەستوور و یاسا، مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت و تێکەڵی ململانێ حزبی و سیاسییەکان نەکرێت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەدیدارەکەدا دۆخی گشتیی عیراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوومان لە بەغدا درێژکراوەی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی.

وتیشی، “هاوکاری و پشتیوانیی سەرۆک وەزیرانی عیراق و بەڕێزان لە دەسەڵاتی دادوەری بەرزدەنرخێنین بۆ هەوڵەکانیان تاوەکو پابەند بە دەستوور و یاسا، مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت و تێکەڵی ململانێ حزبی و سیاسییەکان نەکرێت. هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار کە بەردەوام هاوکارمانبوون و لە خەمی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بوون”.

لەبەرامبەردا د. لەتیف رەشید پشتیوانیی تەواوی بۆ هەموو ئەو هەوڵە نیشتمانی و بونیادنەرانە دووپاتکردەوە، کە ئامانجەکەی پاراستنی سەقامگیری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە لە وڵات.

ڕێنمایی بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بڵاوكرایەوە
پێت ڕێنمایی بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بڵاوكرایەوە
ڕێككەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا کرا
دوات ڕێككەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا کرا
پەیوەنیدر