بەهرۆز جەعفەر – پسپۆڕی ئابووری سیاسی
لەمیانەی پێشهاتە ناوچەییەکانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، چەندین لێدوانی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە بۆ کورد و لەبەرژەوەندیی کورد میدیاکانی جیهانیان تەنیوەتەوە، بەشێکی ئەم میدیا ناوخۆیی و جیهانییانە ئەو پرسیارەیان ناردووە، ئایا ئیسرائیل بەڕاستییەتی؟ کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکات؟ ئەو ماوەیە بەهۆی ڕەوشی تەندرووستییەوە نەمتوانی وەڵامیان بدەمەوە، پێش هەرشتێک؛ بۆچی ئامڕازەکانی میدیا ئەو پرسیارە لە من دەکەن؟ چونکە:
– ماستەرنامەکەم لەساڵی (٢٠١٦) ەوە بە ئینگلیزیی و کوردیی و عەرەبی چاپکراوە بەناونیشانی، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەسەردەمی حوکمڕانی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکییدا ٢٠٠٢-٢٠١٥.
– دکتۆرانامەکەم، سەبارەتە بە ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و کاریگەری بەسەر بازاڕی ئابوریی جیهانییەوە. کە ئیسرائیلیش وەکو تورکیاو قوبرس و سوریاو لوبنان و ئوردون و دەستەڵاتی فەلەستین دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەوە.
– دوایین کتێبی ئەکادیمی ئێمە لە ١٣٠دەوڵەتی جیهاندا بەردەستە و لەلایەن گرووپی ئیمراڵد کە بارەگای سەرەکی لە بەریتانیا و ئەمریکایە بڵاوکراوەتەوە، بەناونیشانی “کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی”.
– ماوەی هەشت ساڵ زیاترە ناوەندێکی توێژینەوەمان بەناوی “پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی” دامەزراندوە، ‘مێدیتریانە – دەریای ناوەڕاست -Mediterranean ‘، بە سێ زمان و خۆبەخشانە سەدان لێکۆڵینەوەو شیکاریی بڵاوکردۆتەوە.
واتە، وەکو توێژەرێک و ئاکادیمیستێک میدیاکان پرسیار دەکەن نەک وەکو موفتییەک یان سیاسییەک، جگەلەوەش دوانزە ساڵە وەک پسپۆڕێکی ئاسایشی وزە لە هەندێک لەو میدیانەدا قسەمکردوە، ئێستا ئیسرائیل خواستی ئەوەی هەیە گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دابینبکات، ئەگەرچی بڕەکەی کەمیش بێت، ئیسرائیل و قوبرس و میسر هەرسێکیان سنوری ئاوی هاوبەشیان هەیەو لە ٢٠١٠ ەوە دەستیان داوەتە دۆزینەوە و دەرهێنانی گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی دەریای سپی، گەرەکیانە وڵاتانی دەوروبەریش بکەنە بەشێک لە کوتلەکە و ئیتر خۆرئاوا کاری بە ڕووسیا نەمێنێت.
ئیتر میدیایەو هەریەکەو شوێنێک بۆ مەبەستێک ئاڕاستەی دەکات، گوێچگەی وڵاتان سووک بووە لەمکاتەدا، بەڵکو عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک دابینکەرێکی گازی سرووشتی قسەیەکیان هەبێت!
ساڵی ٢٠٢١ لە زوومینگ وتم: ئیسرائیل زۆرجار ڕاستی نەکردووە کە بەرگریی لەگەلانی ناوچەکە کردووە، بۆ نموونە لەسەرووبەندی یەکەمین جەنگی جیهانیدا هانی ئەرمەنەکانی دەدا بجەنگن دژی خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی و لە دژی دەوڵەتی سەردەست بوەستنەوە، دواتر کە تورکەکان جینۆسایدی ئەرمەنەکانیان کرد، جوولەکە سوودیان لە دەرفەتەکە وەرگرت دژی تورکەکان.
لە نەوەتەکانی سەدەی پێشوو بەهێزترین پەیوەندیی ئیسرائیل لە جیهاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەوان چوون ڕێبەرێکی کورد ‘عەبدوڵا ئۆجەلان’یان دەستگیرکرد و ڕادەستی تورکیایان کردەوە!
لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک کورد لە عێراقدا ڕیفراندۆمیان کرد، عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، کەسێک کە توانای هەڵکێشانی پانتۆڵەکەی خۆی نەبوو لە پڕۆتۆکۆڵدا لێزمەی دەدا، کەچی بەپاڵپشتی ئێران و گڵۆپی سەوزی ئەمریکاش پەلاماری کوردی دا، ئیسرائیل هیچی بۆ کورد نەکرد؟
لەوێدا، کەسێکی جولەکە وتی تۆ “بەهرۆز: ناوەکەت فارسییە” دیارە بۆچی ئەو قسانە دەکەی! ئەو وتی لەبەرئەوەی پەکەکە لە سوریا درووست بووە، لە بیقاع بوون و حافز ئەسەد پاڵپشتی دەکردن، جارێکیان چوون لەگەڵ سوریادا لە سەرەتای هەشتاکان بەهاوتایی لەگەڵ لوبنانییەکان پەلاماری ئیسرائیلیان داوە!
ئێستا نە ٢٠١٧ یەو نە دەیەکانی ڕابردوو، وەک دەبینینن بەشار ئەسەد ڕووخاوە، ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بووە و تورکیاش هەر لاوازە، بردنەوەیەکی کاتیی هەیە، دەیەوێ سەرمایەگوزاریی زیاتری پێوە بکات، لەدەرئەنجامی ئەو ماستەرنامەیەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا هاتوە “تورکیا بۆ ئیسرائیل گرینگە، بەڵام ئیسرائیل هەرگیز متمانە بە تورکیایەک ناکات کە ئەردۆگان سەرۆکی بێت.”
لەدوای ٢٠١١ و گەرمبوونی قەیرانی سوریاوە، ساڵانێکە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی سەربازی و چەک و ئامێر و هاوکاری دارایی لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە و سوودەکانی وەبەرهێنان لە هاوکاریکردنی هاوبەشە متمانەپێکراوەکانی نیشانی داوە کارە ڕاستەکەیە.
ئێستا و ئەمجارەیان کارگەیشتووەتە ئەوەی یەکێک لە سەرکردە و بیرمەندە کاریگەرەکانی جوو لە جیهاندا ‘گرێگ ڕۆمان- Gregg Roman’ دەڵێت: پێویستە کنێست واتە پەرلەمانی ئیسڕئایل ڕێگە بە بەرنامەیەکی هاوشێوە بدات بۆ چەکدارکردن و هاوکاریکردنی کورد، دابینکردنی چەک و پاڵپشتی هەواڵگری و داکۆکیکردنی دیپلۆماسی’.
هاوبەشییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت بەرپەرچی دەستدرێژی تورکیا بداتەوە و فراوانبوونی تورکیا تێکبدات و یەکێک لە هاوپەیمانە بەتواناکانی ناوچەکە بەهێزتر بکات.
بەهەرحاڵ، وەڵامی “ئایا ئیسرائیل بەڕاستییەتی؟” لە سێ خاڵی سەرەکیدایە:
یەکەم: لە ڕۆژگارێکی وادا کە هەوڵەکان بۆ وەرچەرخانی جەمسەرگیریی جیهانی چڕبوونەتەوە، وەڵامی هەموو پرسیارێک پەیوەستە بە کورد خۆیەوە، ئەگەر ئیمڕۆ ئێران و ئیسرائیل و تورکیا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانیش پاڵپشتی کورد بکەن، کورد خۆی ئامادە نەبێت، دامەزراوەی نەبێت، بیری تیژی نەبێت، لەگەڵ ڕۆحی سەردەمەکەدا نەگونجێت، بێگومان نەک دەرئەنجامی باش، بەڵکو ئەوەشی کورد هەیەتی نامێنێت.
وەک دەیبینین هەمان تاس و باسی شەستەکان و نەوەتەکان لای کوردی عێراق هەر ماوە و سەرکردایەتی کورد بەهەمان کەرەستەو میتۆدەکانی پێشوو لە هەرێمی کوردستان و لە کەرکوک دەیانەوێت سیاسەت بکەن و بیربکەنەوە!
دوەم: بۆچی سەیر و مەترسیدار بێت کورد پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت؟
هەموو وڵاتانی عەرەبی بەدوای کەناڵێکدا دەگەڕێن نیزیکیان بکاتەوە لە ئیسرائیل، لەناو ئێراندا دەیان هەزار جوولەکە دەژین، ئازەربایجان بستێک لە ئێرانەوە دوورە و باڵوێزخانەی ئیسرائیلی لێیە، ئیماراتی عەرەبی چوار پەنجە لە ئێرانەوە دوورە کەچی بەهێزترین پەیوەندیی ئابووریی ئاشکرا و پەیوەندیی هەواڵگریی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، قەتەر بەهەمان شێوە.
تورکیا یەکەمین دەوڵەتی خاوەن زۆرترین نفووسی ئیسلامییە کەساڵی ١٩٤٨پیرۆزبایی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کردوە، بەئێستاشەوە چاوی لەوەیە بەهێزترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، هەموو کاتێک تورکیا وەک حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی سەیری ئیسرائیل دەکات تا لێوەی بچێت بۆ واشنگتۆن.
ئوردون و میسڕ لە کۆتایی حەفتاکان و نەوەتەکانەوە پەیوەندیی فەرمیان هەیە، هەموو جیهان وەکو هەر بابەتێکی ئاسایی ئەم پەیوەندییە دەبینێت، بەڵام بۆ کورد نەک هەر حەرامە و مەترسیدارە پەیوەندیی فەرمی هەبێت، بە شێوەیەکی زۆر نافەرمی و زۆر ناڕاستەوخۆش دەبێتە جێگەی گومان و مەترسیی؟
ئەم دوالیزمەیە پێویستە ڕاست بکرێتەوە، کورد دەبێت لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە تواناکانی خۆی بوێرتر بکات، پراگماتییانەتر مامەڵە بکات، ئێران و تورکیا دراوسێمانن، ئاسایشی هاوبەش و سنوری هاوبەشمان هەیە، بەڵام ڕووبەر و خواستی جیاوازیشمان هەیە. ئەگەر ئیسرائیل دەتوانێت گرەنتی دەستخستنی بەرژەوەندییەکانی کورد بکات لە ئیدارەی ترامپ دا، کورد و ئیسرائیل لێرەدا پێویستە کەناڵی گفتوگۆیان هەبێت، وە ئەگەر ئیسرائیل هەر وەکو ساڵانی ٢٠٠٨- ٢٠١٠ وتەبێژەکەی ‘ڕەعنان غیتیسین’ مەسەلەی کوردی بۆ قسەکردن دژی ئەردۆگان بەکاردەهێنا، ئەم بەوی دەگوت تۆ فەلەستینی دەکوژی، ئەویش بەمیانی دەوت تۆ منداڵی کورد دەکوژیت! ئەوە مانای وایە ئیسرائیل پرسی کورد بەکاردەهێنێت دژی ناحەزەکانی ڕۆژگاری خۆی.
سێیەم، وەکو ‘داود ئۆغلۆ’ گوتی کورد هەرێمێکی سەربەخۆی هەبێت لە سوریا هەڕەشە نییە لەسەر تورکیا، ئەمە بۆ ئێرانیش وەهایە، پێویستە وەکو جەستەی مرۆڤ کە هەموو بەشەکانی دەبێت ئیش بکات، ئاوها هەموو سێکتەرەکان و دامەزراوەکان، لە هەموو کەناڵەکانەوە کورد کاری خۆی لەم وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەدا بکات، بێ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ دەوروبەری خۆی.
ئەگەر ئەودیوی ڕوونکردنەوەکەی کابرای جوولەکە (کە پێی وابوو ناوەکەم فارسی دیارە!) ببیندرێ دەڵێت: پەکەکە لەگەڵ سوریا و لوبنان پەلاماری ئیسرائیلیان داوە و پەکەکە لە باوەشی حافز ئەسەد درووستبووە، ماناوی وایە دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان خۆی دووربخاتەوە لە پەکەکە، نابێت پەکەکە بە کەم بگرین وەکو کورد، چونکە ئەوان نەبوونایە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر ئێستا نەدەبوو، ئەوان نەبوونایە ئەو ناوچە کوردییانە ئێستا داعش و گرووپە تورکییەکان دەیانبرد بەڕێوە، ئەوان بوون لە دوای ٢٠١١ ەوە کوردیان لە سوریا سازدایەوە و بەرخۆدانیان کرد و ملیۆنەها کوردیان پاراست.
ئیتر قۆناخەکە وا دەخوازێ بە ڕووکەشیش بێت پەکەکە دوور بێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ئایدۆلۆجیای پەکەکە هەر دژ نییە بە تورکیا و قەتەر، دژە بە ئیسرائیل و ئەمریکا و هەموو خۆرئاوا.
بە گشتی، ئیسرائیل و جوولەکە دیفاکتۆیەکی تەواون، هێزێکی ئامادەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوچەیین، ئەگەر ئێستا تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبوایە، چارەنووسی ملیۆنەها کوردی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبوو؟ بۆیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی کوردەوە، لە پاڵ پراگماتیزمانەی کارکردنەوە، کورد پێوییستی بەوەیە لە هەموو کەناڵەکانەوە بۆ پاراستنی خۆی، بۆ زامنکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی بجووڵێت، ئێران و تورکیا دراوسێمانن، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی هاوپەیمانمانن، پارێزەر و دابینکەرن.
بەکورتییەکەی ئەو پەندە باوە “جیهانیانە بیربکەوە، ناوچەییانە هەڵسوکەوت بکە”.