‘ناوبانگ – سومعه’‌ی میدیایی، یا ئه‌جێندا و ئامانجی كاتیی؟



یەحیا عومەر ڕێشاوی – مامۆستای زانکۆ

كه‌ به‌لای ماركێتێكدا تێپه‌ر ده‌بیت و ده‌ته‌وێت كاڵایه‌ك بكڕیت، پێش هه‌رزانیی و كوالێتیی بابه‌ته‌كه،‌ ‘سومعه‌و ناوبانگی’ ئه‌و ماركێته‌ كه‌مه‌ندكێشت ده‌كات و تاڕاده‌یه‌كی زۆر بڕیاری كڕینه‌كه‌ت پێده‌دات، بازرگان و خاوه‌ن كار و پیشه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌میشه‌ ئه‌و خاڵه‌یان له‌به‌رچاوه ‌و‌ به‌هه‌ندی وه‌رده‌گرن.

له‌ نێو فه‌زای میدیاییدا هه‌زاران كه‌ناڵی میدیایی هه‌ن، كه‌ كێبڕكێیانه ‌و كار له‌سه‌ر ڕاكێشانی وه‌رگر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ژماره‌ ‘یه‌ك’ و سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوی هه‌واڵ و زانیاریی، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بودجه‌ی زه‌به‌لاح بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن و هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن تا له‌ گۆڕه‌پانی مونافه‌سه‌یی میدیاییدا بمێننه‌وه ‌و پێشه‌نگ بن‌.

دیاره‌ فاكته‌ری زۆر هه‌ن كه‌ كه‌ناڵێكی میدیایی به‌ زیندووی ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌وانه:‌ بوونی ستراتیجیه‌تێكی ڕوونی كاركردن و پلانێكی تۆكمه‌ و توانای دارایی و ستافی به‌ڕێوه‌بردنی كاراو و كادیری پڕۆفیشناڵ و به‌ توانا و زۆر فاكته‌ری تر، كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌كرێت ببنه‌‌ زامنی پێشه‌نگ بوون.

ئه‌وه‌ی له‌م كورته‌ نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر پاراستنی ‘سومعه ‌و ناوبانگ’ه‌، كه‌ پێموایه‌ كه‌ناڵی میدیایی‌ وه‌ك ماركه‌ و براندێك ده‌هێڵێته‌وه‌، كه‌ناڵی میدیایی پێویسته‌ كاری چڕ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بكات و بۆ خاتری ئامانجێكی كورت خایه‌ن و ئه‌جێندایه‌كی كاتیی قوربانیی به‌م ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌دات، به‌ كورتی میدیاكه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی باش بۆ واقیعه‌كه‌ی خۆی بكات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی بێت، ده‌نگ و ڕه‌نگی خه‌ڵك بێت.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زۆرێك له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان له‌ پێناو ئه‌جێندای حیزبی‌، بێئاگاییانه‌ ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن و به‌شێكی زۆر له‌ وه‌رگره‌كانیان له‌ مه‌ودایه‌كی دوور له‌ده‌ستده‌ده‌ن، سه‌ره‌تا به‌ گوڕ و تێنێكی به‌هێزی كاركردنه‌وه‌ دێن و خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ململانێ حزبیه‌كاندا و له‌ ساته‌وه‌ختی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ململانێ حزبیه‌كاندا له‌ ئه‌ركی میدیاوه‌ ده‌بنه‌ كه‌ناڵی پڕوپاگه‌نده‌ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ فراوانه‌كه‌ له‌ده‌ستده‌ده‌ن.

دیاره ئه‌مه‌‌ به‌و مانایه‌ نا، كه‌ كه‌ناڵه‌كان ئه‌جێندا و فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌تی خۆیان فه‌رامۆش بكه‌ن، له‌ بنه‌ڕه‌تدا مافی هه‌ر كه‌ناڵێكی میدیاییه‌ كه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی خۆی بكات، به‌ڵام كه‌ناڵی میدیایی ده‌توانێت به‌ هونه‌ری مامه‌ڵه‌ی میدیاییانه‌، هه‌م وه‌رگره‌كانی كه‌مه‌ندكێش بكات و هۆگرییان به‌ كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ بۆ دروست بكات، هه‌م ئه‌جێندا سیاسیی و حزبییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.

باش ده‌زانم ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌سه‌ر حزبه‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌ش بوون ئاسان نییه‌، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌ كه‌م و دیاریكراون، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ خه‌می سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بۆ خاتری ئامانجێكی كاتی ‘ناوبانگ و سومعه‌’ی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.

 

نووچە و مووچە و قەوارەکەی هەرێم
پێت نووچە و مووچە و قەوارەکەی هەرێم
وادەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و جۆلانی ئاشکرا کرا
دوات وادەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و جۆلانی ئاشکرا کرا
پەیوەنیدر