لە ئاکامی تەقینەوەی کارگەیەکی تەقەمەنی لە ڕۆژئاوای تورکیا، 12 کەس کوژران.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کارگەیەکی تەقەمەنی لە ناوچەی کارەسی سەر بە پارێزگەی باڵیکئەسیری ڕۆژئاوای وڵاتەکە تەقییەوە و بە هۆیەوە 12 کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕوونیشیکردەوە، بە هۆی تەقینەوەکەوە کە تا ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە، بەشێکی کارگەکە ڕووخاوە.
لای خۆشیەوە ئیسماعیل ئوستائۆغڵو، پارێزگاری باڵیکئەسیر ڕایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و وتیشی: 12 کارمەندمان گیانیان لەدەستداوە و زیانی ماددیش بەر کارگەکە کەوتووە.