ئەمڕۆ هەینی سەدرییەكان لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك شاری دیكەی عێراق نوێژی ملیۆنییان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ هەزاران كەس لەلایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدا و ژمارەیەك دیكەی عێراق نوێژی ملیۆنییان ئەنجامدا.
گوتارخوێنی نوێژی ملیۆنی هەینی لە بەغدا جارێكی دیكە دووپاتی لە پەیامەكانی ڕابردووی ڕەوتی سەدر و موقتەدا سەدری ڕێبەرەكەیان كردەوە بەتایبەت دژایەتیكردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران.
شرۆڤەكاران لە ئەو بڕوایەدان ئەم نوێژە ملیۆنییەی ئەو هەفتەیە هۆشدارییە بۆ كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
كابینەی سوودانی و هاوپەیمانێتییەكەی كە نزیكن لە ئێرانەوە بەهۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دانراون، بەهۆی كارئاسانی بۆ بردنەوەی دەرەوەی دۆلار و لەبەرامبەردا ئەمریكاش ڕێوشوێنی لە دژی عێراق گرتووەتەبەر.
سەدرییەكان چەند ڕۆژی ڕابردوو جارێكی دیكە دژی ئێران و هاوپەیمانەكانیان وەستانەوە، بەتایبەت لە پرسی جامی كەنداوی عەرەبی كە بەكارهێنانی ئەم زاراوەیە ئێرانییەكانی توڕەكردبوو، باڵیۆزی عێراقیان بانگێشتكردبوو.
ئەوەی بۆ ئێرانییەكان نیگەرانی زیاتربوو هەڵوێستی سەدرییەكان بوو سەرباری نیگەرانییەكانی تاران، بەڵام سەدرییەكان سووربوون لەسەر زاراوەی جامی كەنداوی عەرەبی.
شرۆڤەكاران پێشبینی دەكەن لە ماوەی داهاتوو بەتایبەت لە حاڵی بەردەوامی بەرزی نرخی دۆلاردا سەدرییەكان بڕژێنەوە سەر جادەكان دژی كابینەكەی سوودانی و نزیكەكانی ئێران ئەمەش ڕەنگە بەكارئاسانی ئەمریكاییەكان بێت.