بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕوسیا لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هەر هەوڵێک لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین و دەشڵێت: گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی بڵاویكردۆتەوە، لەدرێژەی دیدارەکەدا دوایین ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سووریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان وەک بنەمای چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا دووپاتکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان کرد و ڕایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی کارکردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێکیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین، دۆخی ئەمڕۆی سووریاش پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی ڕاستەقینە هەیە، هیوادارین هەموولایەک بەم ڕۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتووی وڵاتەکە و ژیانی خەڵکەکەی بدەن.
سەبارەت بە حكومەتی نوێی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پڕۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات و ئامانجەکەی بەهێزترکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێت نەک جیاکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندییە حزبییەکاندا.