ڕوسیا پەرەپێدانی ڤاکسینێکی نوێی شێرپەنجەی ڕاگەیاند، کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای mRNA دامەزراوە، لەلایەن سەنتەری گامالیا و وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا دەڵێت: لە ساڵی 2025ەوە بەبێ بەرامبەر دابین دەکرێت بۆ نەخۆشەکان.
تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان ئەنجامێکی ئومێدبەخشیان لە خاوکردنەوەی گەشەی گرپێی شێرپەنجە (وەرەم) و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دەرخستووە. بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڤاکسینەکە بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتیانی ڕوسیا بەردەست بێت، دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە کلینیکیەکان بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری و سەلامەتی.
ماڵپەڕی (RT)ی ڕوسیا لەزاری ئەندرێ کابرین، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی تیشکی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڤاکسینەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دەخرێتە بازاڕەوە، هەروەها تێچووی یەک ژەم لە ڤاکسینەکە نزیکەی سێ هەزار (3000) دۆلارە.
ڤاکسینەکە بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت، نەک بدرێت بە خەڵکی گشتی بۆ ئەوەی لە پلەی یەکەمدا گرێی شێرپەنجە دروست نەبێت.
لێدوانەکانی پێشووی زانایانی سەر بە دەزگاکانی حکومەتی ڕوسیا ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەر دەرزییەک تایبەتە بە نەخۆشەکە، هاوشێوەی ڤاکسینی شێرپەنجە، کە لە ڕۆژئاوا پەرەی پێدەدرێت.
بەپێی ماڵپەڕەكە، لە ئێستادا دیار نییە ڤاکسینەکە بۆ چارەسەری چ جۆرە شێرپەنجەیەک داڕێژراوە و تا چەند کاریگەرە، یان ووسیا پلانی هەیە چۆن بیخاتە بازاڕەوە و تا ئێستا ناوی ڤاکسینەکە ئاشکرا نەکراوە.
ئەلێکساندەر گینتسبورگ، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی گامالیای ڕوسیا بۆ پەتا و مایکرۆبایۆلۆجی، پێشتر پێشبینی دەکرد، کە مۆڵەتی فەرمی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی شێرپەنجە کە سەنتەرەکە پەرەی پێدەدات لە مانگی 1ی ساڵی ٢٠٢٥ وەربگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڤاکسینەکە بۆ ئەو کەسانەیە، کە پێشتر تووشی شێرپەنجە بوون، ئەم دەرمانەش پێی دەوترێت ڤاکسین، چونکە بۆ چالاککردنی سیستەمی بەرگری دروستکراوە و بەهۆیەوە لیمفۆسایدەکانی ناو لەش دەتوانن خانە شێرپەنجەییەکان بناسنەوە و لەناویان ببەن”.
ڤاکسینەکە بە بەشداری چەندین دامەزراوەی زانستی لە ڕوسیا پەرەی پێدەدرێت، ئەوانیش سەنتەری گامالیا، پەیمانگای هێرزێن بۆ ئۆنکۆلۆژی لە مۆسکۆ، سەنتەری نیشتمانیی پزیشکی ئۆنکۆلۆژی بلۆخین.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا پەسەندکردنی ڤاکسینەکانی ڕوسیای دژە شێرپەنجەی بە دەستکەوتێکی گەورە زانی.
هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ڕێژەی شێرپەنجە لە ڕوسیا لە هەڵکشاندایە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٦٣٥ هەزار حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراوە و پێدەچێت شێرپەنجەی (قۆڵۆن و مەمک و سییەکان) باوترین جۆری نەخۆشییەکە بن لە وڵاتەکەدا.
ڤاکسینی شێرپەنجەی کەسی بۆ ئەوە دروستکراوە، کە سیستمی بەرگری لەش فێری چۆنیەتی ناسینەوە و هێرشکردنە سەر پرۆتینەکانی شێرپەنجە لە جەستەی نەخۆشدا دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش ڤاکسینەکان ماددەی بۆماوەیی بە ناوی RNA لە گرێی نەخۆشەکە وەردەگرن.