کۆنگرەی ستار لە کۆبانێ لە بەیاننامەیەکدا شان بەشانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچنە بەرەی بەرخودان بۆ ڕێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا.
کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، بەشداری لە کۆکردنەوەی گشتیی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، بە پێکهێنانی کەتیبەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا.
بەیاننامەکە لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرە ستار لە قەزای فورات بە ناوی خانەف خەلیل خوێندرایەوە.
ڕوونیشی کردەوە، ئێمە وەک ژنانی شاری کۆبانێ بەمەبەستی پەیوەستبوون بە قۆناغی بەرخۆدان و وەستانەوە لە پاڵ گەل و پاڵپشتی لە خەباتی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بانگەوازەکەیان لە بەرەکانی پێشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە بەرخۆدان بۆ بەرگریکردن لە شاری کۆبانی و پاراستنی خەڵک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کراوەتەوە، “رێگە نادەین گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا و بەکرێگیراوانی یەک بست لە زەوییەکانمان داگیربکەن”.
ڕاشیانگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا هێزەکانمان بە تیرۆریست وەسف دەکەن، هەر بۆیەش دەڵێین هەموومان سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکراتین، چونکە ئەوانەنن کە پارێزگاری لەم گەلە دەکەن و تێکۆشان و خەبات دەکەن بۆ پاراستنی خاکەکەمان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، “ئێمەی ژنان لە تەنیشت هێزەکانمان دەبین و تا دوا هەناسە پاڵپشتییان دەکەین، هەروەها لە ئەگەری هەر هێرشێک کە لە لایەن دەستدرێژییەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانمان دەستیپێکرد، لە خەندەقەکانی شەڕدا ئامادە دەبین، و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین، و خەونەکانی تورکیا لەسەر خاکەکەمان پووچەڵ دەکەینەوە”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، “هەروەک چۆن لە ساڵی 2014دا ژنانی کورد و یەکینەکانی پاراستنی ژنان توانیان ڕووبەڕووی هێرشی داعش ببنەوە و لەناوببەن لە شاری کۆبانی بەو هێز و ئیرادەیەی کە کۆبانی پاراست و داستانی قارەمانێتی مێژوویی نووسی ، دەتوانین بەڕووی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ببنەوە و لەناویان بەرن.