شارەزایەکی بواری ئابووری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دادگای ئاشکراکرد لەسەر گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم و دەڵێت”داوای 24 ملیار دۆلاریان کردووە وەک قەرەبوو”.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووری عێڕاق، بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ داواکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەتکردەوە و بڕیارەکانی پێشووی دادگای هەڵوەشاندەوە، کە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوتی بە پوچەڵ زانیبوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، نۆ کۆمپانیا داوای قەرەبووی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتیان کردووە بە بری 24 ملیار دۆلار، کە ئەوانیش بریتین لە” ئەداکس، دانا غاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نێفت، جێنێل ئینێرجی، گالف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن، شامران، و وێستەرن زاگرۆس”.
ئەمە لەکاتێکدایە، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ تانەیەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پێشکەشکرابوو، و بڕیارەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە کە تایبەتبوون بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم.
بەپێی بڕیاری دادگاکە، ئەو گرێبەستانە دروستن و مەرجەکانیان یاساییە و پابەندکەر بۆ هەردوو لایەن دادەنرێت، و هیچ لایەنێکی دەرەوەی گرێبەستەکە مافی ئەوەی نییە ناڕەزایەتیان دەرببڕێت”، تەنانەت ئەگەر لەسەر بنەمایەکی یاسایی بێت کە دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق لە شوباتی 2022 بە نادەستووری ناوبرد.
دادگاکە لەو هۆکارانەی پشتی پێ بەستووە ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە شوباتی 2022 دەرچووە، ناتوانرێت بەسەر ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بکرێت کە پێش دەرچوونی بڕیارەکە ئەنجامدراون.