لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بە ئامانجی هەموارکردنەوەی بڕگەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە بۆ ٦٣ ساڵ.
بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق فەرمانبەر لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای كۆنی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەبێت و لە ئێستاشدا سەرەڕای بەركراكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە هێشتا ئەو بڕگەیەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق كاری پێنەكراوە و لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لیستی ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكان كرد، كە تا كۆتایی ساڵی 2025 تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ، بەڵام هێشتتا هیچ بڕیارێك نەدراوە لەسەر ئەوەی خانەنشین دەكرێن بەپێی یاساكەی عێراق یان چاوەڕێی هەمواركردنەوەی دەكەن.
عەتوان ئەلعەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە پێشوازی لە شاندێکی نوێنەرانی خانەنشینان كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی عەتوان عەتوانی، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی باشترکردنی باری ژیانی خانەنشینان کراوە لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاساكان، کە خزمەت بەم چینە گەورەیە دەکەن”.
عەتونی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “لیژنەی دارایی پێشنیارێکی پێشکەش کردووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بە ئامانجی هەموارکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە بۆ ٦٣ ساڵ و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی سەرجەم پێویستییەكانی خانەنشینی بۆ ئەم هەموارکردنە گرنگە تەواو بکەن”.
وتوشیەتی، “ئەم هەموارکردنە ڕەنگە زیادکردنی پێشنیاری دیکە لەخۆبگرێت، کە یاساکە چەسپێنێت و چارەسەری هەر کەموکوڕییەک بکات لە جێبەجێکردنی یاسای ئێستادا، بەتایبەتی سەبارەت بە میکانیزمەکانی لێبڕین، قەرەبووکردنەوە، یان هەر مافێکی دیکە”.
عەتوانی لیستێکی پێگەیشت کە کۆمەڵێک پێشنیاری تێدایە، کە لەلایەن شاندی خانەنشینەکانەوە پێشکەشکرابوون، بەڵێنی دیراسەکردنیان و سوودمەندبوون لێیان درا لە هەمواری چاوەڕوانکراودا.