بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە تۆمەتبارەی لە یەكێك لە هۆتێلەكانی هەولێر تەقەی كردبوو، دەستگیركرا و دەشڵێت: تۆمەتبارەكە خەڵكی دەرەوەی شارە و دوو سكیوریتی بریندار كردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ۱۹-۱۱-۲۰۲٤ تۆمەتبارێکی خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێر بەناوی (ا. ش. س) لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی کردبوو و لە ئەنجامدا دوو (سکیوریتی) زامدار ببوون، تۆمەتبار هەڵاتبووە دەرەوەی شاری هەولێر، بەڵام پاش فشاری هێزەکانمان، ئەمڕۆ دوو شەممە تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر کرد.
ڕاشیگەیاندووە، هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یاسا سەروەرە و هەرکەسێک هەوڵی نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئارامیی شار بدات، دەستگیر دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت.
جەختیشدەكاتەوە، “کەس لە یاسا بەرزتر نییە”.