کامیل عومەر – مامۆستای زانکۆ
پێشتر سیاسییەکان پێیان نەنگیی بوو هەواڵی دابەشکردنی مووچە، دوای سێ مانگ و چوار مانگ لە وادەی خۆیدا بکرێتە هەواڵی بەپەلە، بەڵام خودی دواکەوتنەکەیان پێ نەنگی نەبوو، ڕێک وەک کەناڵ و دەزگاکانیان، کە لە بابەتی شکستی ئیدارەدانی پرسی ئابووری و دارایی بێدەنگن و هات و نەهاتی مووچە، وەک کەرستەیەک بۆ شکاندنی نەیارە سیاسییەکان، بەخشینەوەی تۆمەت و تەخوین و تەوهین بەکاردەهێنن.
ئەگەرچی، لە کابینەی پێشووەوە، ئاواتی سەرەکی سەرۆکی کابینەکە، نەهێشتنی هەواڵی بەپەلەی دابەشکردنی مووچە بوو، لە کابینەی دوای خۆیدا، دابەشکردنی مووچە بووەتە دەستکەوتی ستراتیژی و مزگێنی، بەڵام بابەتی ناردن، گەڕانەوە، وردبینی، بەدەستگەیشتنی لیست، تەنانەت فەوتانی موچەش بوونەتە هەواڵی بەپەلە و خێرا.
تازەترین بابەتی پۆستکراوی کەناڵێک لە پەیجەکەی، باس لە فەوتانی مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەشڵێت، بەغداد موچەکەی ناردووە، بەڵام کەموکورتی مووچەکانی پێ پڕکراوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ داتایەکی پشتڕاستکراو بخاتەڕوو.
هەواڵەکانی تایبەت بە مووچە لە هەندێک کەناڵ بوونەتە “داڕشتنی گشتیی”، زانیاری و ژمارە قسە ناکەن، بەڵکو، چاودێر، شارەزا، ڕاوێژکار، بەرپرسی خانەنشینکراو، نوێنەر، ئەندامی لیژنە، تەنانەت هەواڵساز و بێژەرەکان قسە دەکەن!
ئەم قسەکردنە، هۆکارێکی ڕوونی هەبێت، ئەوەیە، میدیای حکومەت دەستەپاچە و بێ بایەخ لە گرنگی بابەتەکە دەڕوانێت، توانای تێرکردنی پێداویستی خەڵکی لە زانیاری نییە، بیریشی لەوە نەکردووەتەوە ئەو پێداویستییە سەرەکییەی ژیانی ئەمڕۆیی خەڵک دابین بکات، بۆشاییەکی لە ڕووی زانینەوە درووستکردووە، هەر بابایەک (میدیاکار، سیاسیی، پەرلەمانتار، چاودێر و شارەزا)، بێ بەردەستبوونی زانیاری پشتڕاستکراو هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکە دەدات.
کەناڵ هەبووە، تەنیا لە ١٢ کاتژمێردا ١٦ پۆستی جیای لەسەر هاتن و نەهاتنی مووچە بڵاوکردووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ کام لە هەواڵەکانی جێی خۆیان بگرن، چونکە خاڵیبوون لە زانیاری و پشتیان بە بۆچوون، مۆرەهەڵدان و فاڵگرتنەوە بەستبوو، نەک زانیاری.
حەوجێی میدیا بە لێدوانی هەر کەسێک لە بارەی مووچەوە قسە بکات، ڕەشبینیی و بێ متمانەییەکی زۆری لە ناو خەڵکدا دروستکردووە، بە جۆرێک چیدیکە خەڵک باوەڕ بە قسەی کەس ناکات، متمانەی نەماوە، ئەو بێ متمانەییە هێندە ڕەگی داکوتاوە، خانەنشینی بەساڵاچوو لەبەردەم بانکدا، لە مەلابانگدانەوە نۆرەی گرتووە بۆ مووچە، نزیک بووەتەوە مووچەکەی وەریبگرێت، کەچی لەبەردەم مایکەکاندا دەڵێت “تا نەیژمێرم و نەیخەمە باخەڵم سیقەم نییە”.
هاووڵاتی چۆن متمانەی بە ئیدارەی وڵاتەکەی دەمێنێ؟ لە کاتێکدا، وتەبێژی حکومەت بە “ئەگەر هەیە، ئەگەر نییە” قسە بکات، وەزیری داراییەکەی بە “ئەگەری گەیشتنی مووچە لە تەیف سامییەوە” باس لە دابەشکردنی مووچە بکات!
میدیای نزیک لە ئیدارە سیاسییەکە، باس لە فەوتانی مووچەی خەڵک بکات، لە کاتێکدا “بەغداد مووچەکەی ناردووە”، وەک ئەوەی خۆی نووسیویەتی.
ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر بژێوی و ژیانی خەڵک، لەسەر گیرفان و قووتی هاووڵاتی کارێکی کردووە، هاووڵاتی لە دڵەڕاوکێدا بژی، ئاسایشی دەروونی بەردەوام لەبەردەم ڕەشەبای هات و نەهاتی مووچەدا بێت.
بەشێک لەو میدیایەی خزمایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسییان لەگەڵ ئیدارە و دەسەڵاتی سیاسیی هەیە، یاری بە میزاج و هەستی هاووڵاتییەک دەکەن، کە نزیکەی سێ مانگە چاوەڕێی موچەیە و لە ٢٠١٤ەوە لە نێو ‘خەوف و ڕەجا’ی هاتن و نەهاتنی مووچەدا مانگ دەژمێرێت، دوای ڕاپۆرتەکانیان لەسەر مووچە، هەر ئەو میدیایە ڕێکلام بۆ ڤێلای ئەو هەڵتۆقیوە سیاسی و داراییانە دەکات، کە لە زۆنی ئەوبەری گەڕەکە پەراوێزخراوەکان قوتیان کردوونەتەوە و نرخیان ملیۆنان دۆلارە، ژیانی شاهانە و ئەسپسواری و ئێکسسواراتی ملیۆنان دۆلاری دەست و پەنجەی خاوەنەکانیان نمایش دەکات و هیچ کاتێکیش لە خۆی ناپرسێت، بۆچی ئەم شەڕە دەروونییە لەگەڵ دەروونی شەکەتی مووچەخۆر بکرێت؟
کەناڵی میدیایی پێویستە بزانێت، لێدوانی کێ لە بارەی چییەوە وەردەگرێت، کێ ڕاستەوخۆ بەرپرس و ئاگادار و ڕێگەپێدراوە قسە بکات، نەک هەر کەسێک چی پێ خۆش بێت لە دروشم و کوردایەتی فرۆشتن بە خەڵک و دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر جاش و باشدا، بکرێتە سورەی بەر لەشکر و تاو نا تاوێک لێدوانی وەربگیرێت و بڵاوبکرێتەوە.