بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی نەهاری لوبنانی سووپای توركیا لەبەشێكی خاكی هەرێمی كوردستان كشاوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە، سووپای توركیا چەند خاڵ و بنكەیەكی سەربازی لە سنووری دەڤەری بادینان لە پارێزگەی دهۆك بەتایبەت لە سنووری ئامێدی و كانی ماسی و مەتینا و زاپ چۆڵكردووە و هێزەكانی كشاندووەتەوە بەرەو ناو خاكی توركیا.
سەرچاوەكان باسیان لە ئەوەكردووە، سووپای توركیا بەهۆی خراپی كەشوهەوا، نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، تەمومژی چڕ و ئاستەنگبوونی گەیاندنی هاوكاری بۆ هێزەكانی توركیا لە شاخە بەرزەكان، هێرشی پێچەوانەی هێزەكانی گەریلا بە سوود بینین لەئەو ڕەوشە، ناچار بووە پرۆسەی كشانەوە ئەنجام بدات.
سەرچاوەكان دەڵێن، مانەوەی سووپای توركیا لە ئەو ڕەوشەدا و زیانگەیاندن رووگیریی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و دەوڵەتی توركیا دروستدەكرد بە تایبەت لەسەروبەندی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكاندا.
توركیا لە نیسانی ساڵی 2022 ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بۆ سەر باشووری كوردستان لە سنووری دەڤەری بادینان دەستپێكرد، بەردەوام شەڕێكی قورس لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە و سووپای توركیادا هەبوو.
هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە هۆكاری كشانەوەكە دەگەڕێننەوە بۆ گورزە توندەكانی گەریلا بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە سووپای توركیا، بەجۆرێك سووپای توركیا توانای شەڕكردنی لە ناوچە شاخاوییە سەختەكاندا لە دەستداوە، زیانی زۆری مرۆیی و ماڵی هەبووە، ناچاری كشانەوە كراوە.