وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی تیمەکانی سوورێژە و دەشڵێت ئەو پەرلەمانتارە هیچ پسپۆڕییەکی لە ژمێریاری و داراییدا نییە
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجەی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵی ڕووداو سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی بەناو کەوتووە و ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات بەبێ ئەوەی هیچ پسپۆڕییەکی لەبوارەکەدا هەبێت”.
ڕاشیگەیاند، لەو چاوپێکەوتنەدا سۆران عومەر ئاماژە بەنووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) دەکات کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) لە فەرمانگەی بوودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) بەبڕی ( ٩،٠٩٠،٧٦٥،٠٠٠ ) نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوتسەد و شەست و پێنج هەزار دینار لە نێوان ( موازنة الأبواب ) ( ٤٠/٩/٥ ) لە فەرمانگەی بوودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لەسەرتاسەری عێراق.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: “وەک وەڵامێک بۆ چەواشەکاریە بەردەوامەکانی سۆران عومەر و لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم ڕاستیانە بخەینەڕوو”:
- ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە تەرخان کراوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نەک تەنها هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەی هاوپێچدا لەخوارەوە ڕوون کراوەتەوە.
- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ( ١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ)، لەو ڕوەشەوە ئێمە بەنووسراوی ژمارە ( ٧٠٦٦ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٤ ) کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە و کاری خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تەمویل کردنین.
- وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیە تەنها بڕیاری گواستنەوە ( المناقلە ) دراوە، تا پارەکە تەمویل نەکرێت بۆ سەر هەژماری بانکیمان ناتوانرێت هیچ ڕێکارێکی خەرجکردنی بۆ ئەنجام بدرێت. بۆ بەئاگا هێنانەوەی سۆران عومەر ( تکایە بەدیقەت نووسراوەکە بخوێنەرەوە ئەوە بڕیاری مناقەلەیە نەک تەمویل) و هەموو ئەو کەسانەی بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتی دارایی و ژمێریاری دەکەن، تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.
هاوپێچ؛ نووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) تایبەت بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) لەگەڵ خشتەی دیاریکردنی پشکی هەرێم لەهەڵمەتی کوتان.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بوودجە / وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/١٢/٢٣