کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی عێراق دەستی بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد و ساڵی داهاتووش دەست بە 24 پرۆژەی دیکە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی موحسین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو تا سێ مانگی داهاتوودا دەست بە 24 پرۆژەی نوێ دەکەن و 12ی دیکەش لە لێکۆڵینەوەدایە، بەوەش کۆی گشتی پرۆژەکانیان دەگاتە 36.
ئەوەشی خستەڕوو کە گرێبەستێکیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریدا واژۆ کردووە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی سەربازیی و شەش گربەستی دیکەشیان لەگەڵ واژۆ دەکەن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی عێراق راشیگەیاند کە دەستیان بە بەرهەمهێنانی چەند جۆرێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریی کردووە.
وتیشی کۆمپانیاکەیان بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی دەمانچەی ئاشوور و بابل کە ساڵانە توانایان هەیە 30 هەزار دانەی لێ دروست بکەن و گرێبەستێکیشیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانیی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی لەو جۆرە دەمانچەیەیان بۆ دابین بکەن.