ئەمڕۆ 22ـی كانونی یەكەمی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی باڵای لە وەزارەتی پێشمەرگە كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا، عبدالخالق بابیری، بریكاری وەزارەت و فریق روكن عیسا عوزێر،سەرۆكی ئەركان و لیوا روكن بەختیار محمد، ئەمینداریی گشتیی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ــی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەكانی ٢ و ٤ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و كۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژكارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و تیمی یاوەری تێیدا ئامادەبوون.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پڕۆژەیەكی ئامادەكراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەیی سەركردایەتیی كە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێكهاتوون لەژێر سەركردایەتی و كۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەكاردەبن.
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوو ناوچەیی سەركردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا كاروبارەكانیان رێكدەخەنەوە و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بە گرنگیەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە كرا. هەمووان هاوڕابوون كە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێكی نیشتمانی یەكگرتووی كوردستانی، كە پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان دەكات لە هەر مەترسییەك، كە لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا: بە دەستەكاربوونی هەردوو ناوچەی سەركردایەتی، كە هەموو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی تێدا ڕێكدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، بە كۆی دەنگی هەمووان رەزامەندیدرا؛ لەسەر بنیاتنانی بنەماكانی یەكەیەكی یەكگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.