ئەمریكا سەرباز و چەكی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات و ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا و فەڕەنسا بەنیازن كۆبانێ لە چەك دابماڵن بۆ ئەوەی هیچ بیانویەك بۆ توركیا نەهێڵنەوە.
ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕاونگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە و لەدوای هەڕەشەكانی توركیاوە، سوپای ئەمریكا چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی لۆجستی و سەرباز ڕەوانەی بنكە سەربازییەكانی دەكات لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئاشكراشی كردووە، ئێوارەی دوێنێ فڕۆكەیەكی بارهەڵگر لە بنكەی “خەراب ئەلجیر” لە ناوچەی رمیلان، لە باكوری حەسەكە نیشتووەتەوە، كە وێڕای كەرەستە، سەربازی زیاتری هێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە، پیناگۆن بەمدواییانە ئاشكرای كرد، ژمارەی سەربازییەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان (2.500) سەربازە، كە پێشتر زانیارییەكانی ئەمریكا باسیان لەبوونی تەنها (900) سەرباز دەكرد.
وتیشی، “لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، لایەنی كەم (60) بارهەڵگر، كە كەرەستەی سەربازییان تیادابووە لە دەرەوازەی وەلید لە عێراقەوە داخڵی سووریا بوون، ئەوەش هاوشانی زیادبوونی هێزەكانی ئەمریكایە لە بنكەكانی دەێرەزوور لە كێڵگەی عومەری نەوتیەوە تا دەگاتە كۆبانی، لەژێر ناونیشانی پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و شەڕی داعش”.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووریا دەشڵێت: لەناوچەكانی دەێرەزوور و ڕیفی حەسەكە ڕەنگە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی بێت دژی شانە نوستووەكانی داعش، بەڵام بردنی چەك و هێز بۆ كۆبانی پەیوەندی نییە بە داعشەوە، ڕەنگە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراوبێت، بۆ ئەوەی لەلایەن توركیاوە نەكرێتە ئامانج، ئەگەری ئەوەش هەیە لەپشتی پەردەوە لەلایەن ئەمریكا و فەرەنساوە هەوڵی رێگەگرتن لە شەڕی نێوان توركیا و هەسەدە هەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو شەڕڤانانەی خەڵكی سووریانین.