وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ تیمی هەژماری من لە هەولێر کۆبوونەوە، و هەژماری من دەڵێت”لە مانگی کانوونی دووەم سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە هەولیر بە کارت مووچە وەردەگرن”.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئاوات شێخ جەناب و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبوونەوە، و بەپێی دواین ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگای هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.
هەژماری من ڕایگەیاند، زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشراوە و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە و لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
بەپێی بڵاوکراوەکە، هەژماری من ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و بڕیارە لەساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.
لە بڵاوکراوکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێڕاق بە گشتاندنێک حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، کە ئەویش خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکی زیاتر دەبینێتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلیەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفەو قەرزی بەڵگەنامەیی، هەروەها هاوکاری کردن بۆ بەرەو پێشبردنی پارەدانی ئەلکترۆنی و توطین کردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لەسەرجەم ئەو بانکە ئەهلیانە وەربگرێت کەلەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.