“حكومەتی هەرێم سوپاس و پێزانینەكەی عێراقی نەداوە بە فەرمانبەران”



پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، كە تا ئێستا حكومەتی هەرێم “سوپاس و پێزانین”ی فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر سندوقی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بۆ ساڵی 2021 نەداوە لەكاتێكدا حكومەتی عێراق نووسراوی “سوپاس و پێزانین”ەكەی ناردووە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم تا ئێستا ئامادە نییە ئەو سوپاس و پێزانینە بدات، كە حكومەتی عێراق كردوویەتی بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم، كە لەسەر سندوقی دەنگدان بوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021دا.

ڕاشیگەیاند، حكومەتی عێراق بە نووسراوی فەرمی سوپاس و پێزانینەكەی ناردووە بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم ئامادە نییە بیدات بە فەرمانبەران و مامۆستایان.

بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی بوونە كارمەندی كۆمسیۆن بۆ سەر سندوقی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021دا، بڕیی 150 هەزار دینار و نووسراوی سوپاس و پێزانین-یان پێدرا و نووسراوەكەش بە واژۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە مانگی 4ی 2022دا ڕەوانەی حكومەتی هەرێم كراوە.

پێشتر، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە لەماوەی ڕابردوودا و دوای دابەشكردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان، حكومەتی عێراق سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی چاودێری سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان كرد، بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمیشەوە.

ڕاشیگەیاند، نووسراوی سوپاس و پێزانینەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و پێویستە سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێ‌ بدات و گشتاندنی پێ بكات بۆ وەزارەتەكان تاوەكو لە هەرێم كاری پێ‌ بكرێت.

جەختیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كاری بە سوپاس و پێزانینەكە نەكردووە، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نووسراوێكی دیكەی داوەتە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و جەختی لە پێدانی ئەو سوپاس و پێزانینە بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم كردۆتەوە.

بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، پێدانی سوپاس و پێزانینی سەرۆك وەزیران بۆ فەرمانبەران 6 مانگ سەرمووچەی فەرمانبەران پێشدەخات و لە نووسراوەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژە بەوەكراوە، كە “لەپای هەوڵ و ماندوبوونی فەرمانبەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو ڕێز و سوپاسەیان پێ‌ دەدرێت و 6 مانگ سەرمووچەیان پێشدەخرێت”.

كۆمپانیاكانی نیسان و هۆندا یەكدەگرن
پێت كۆمپانیاكانی نیسان و هۆندا یەكدەگرن
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ ئیسماعیل بێشكچی دەکات
دوات نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ ئیسماعیل بێشكچی دەکات
پەیوەنیدر