ئەسعەد شەیبانی، خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە حكومەتی نوێی ڕاگوزەری سووریادا كرا بە وەزیری دەرەوە.
بەپێی هەواڵی كەناڵی (الجزیرە)، ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەكو وەزیری دەرەوە دیاریكراوە لە كابینەی نوێی حكومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆكایەتی محەمەد بەشیری سەرۆك وەزیران.
ئەسعەد شەیبانی لە دایكبووی لە ساڵی 1987لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان “باكووری سووریا” لەدایکبووە لە هۆزی “بەنو شەیبان” و لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ژیاوە.
شەیبانی لە ساڵی 2009، بەشی زمان و ئادابی ئینگلیزی لە كۆلیژی ئاداب و زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی دیمەشق تەواو كردووە و ساڵی 2022 بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەكان و پەیوەندییەكانی دەرەوەی لە توركیا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2024 بڕوانامەی دكتۆرای لە هەمان پسپۆڕیی گشتیدا وەرگرتووە.
شەیبانی لە ساڵی 2011ەوە بووەتە ئۆپۆزیسیۆنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد و لە ساڵی 2017دا بەشداری لە حكومەتی ڕزگاری سووریادا كردووە و لە “دەستەی تەحریر شام”دا پۆستی سەرۆكی ئیدارەی كاروباری سیاسی پێدراوە.
شەیبانی چەندین ناوێكی خوازراوی بەکارهێناوە، لەوانە “نەسیم”، “ئەبو عائیشە”، “ئەبو عەمار ئەلشامی”، “حوسام الشافیعی” و لە هەمووی بەناوبانگتر “زەید ئەلعەتار”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ ئەحمەد ئەلشەرع، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا (مورهەف ئەبو قەسرە)ی ڕاسپارد بۆ وەزیری بەرگری لە كابینەی نوێی وڵاتدا و بڕیاریدا سەرجەم گرووپە چەكدارەكان یەكبگرن لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری.