سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نابێت هیچ هێز و لایەنێك جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بە ژیان و كەسابەتی خەڵكەوە بكات و گرفت دروست بكات، دەشڵێت،”هەر گرفت و رۆتینێكیش كاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی دراوی سلێمانی، زەڕەنگەران، بازاڕی جگەرە و ژمارەیەك بازرگان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بازاڕ و چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كاروكاسبی لە سنووری سلێمانی كۆبووەوە.
میوانان روونیان كردەوە، لە ئێستادا دەستێكی سیاسی لەپشت شێواندنی بازاڕی سلێمانییەوەیە و بە دەنگۆی چەواشەكارانە هەڵایەكی میدیاییان دەستپێكردووە، كە ئامانج لێی دروستكردنی وێنایەكی ناڕاست و شڵەژاوی سلێمانییە گوایە لە سلێمانی پارە سپی دەكرێتەوە و دراوی ئەمریكی دەبرێتە دەرەوە، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نییە و هەوڵدانێكی نەزۆكانەیە بۆ سستكردنی بازاڕ.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی بازرگانان، خاوەنكاران و وەبەرهێنەرانی سلێمانی كرد، كە هەمیشە بەدڵسۆزی و بەرپرسیارانە كاریان كردووە و بەشێكبوون لە چارەسەر و نەیانهێشتووە هیچ دۆخێكی نەخوازراو كار بكاتەسەر كاروكاسبیان.
راشیگەیاند، كە ڕێگەنادرێت هیچ كەس و لایەنێك دەستوەردان لە ناوبازاڕی سلێمانی بكات و زەمینەیەكی گونجاویش لەبەردەم بازرگان و سەرمایەداران دەڕەخسێنین تاوەكو ئازادانە كارەكانیان بكەن و هەر گرفت و رۆتینێكیش كاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین، هاوكار و پشتیوانتان دەبین لەپێناو بووژاندنەوەی كوردستان و بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی یەكێتی بۆ وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و خاوانكاران دووپاتكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نابێت هیچ هێز و لایەنێك جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بە ژیان و كەسابەتی خەڵكەوە بكات و گرفت دروستبكات.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یەكێتی ئەوە ئاشكراكرد، كە بەڵێنیان بە خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی داوە خزمەتیان بكەن و رێگە لە سزا سیاسی و داراییەكان بگرین، بۆیە درێژە بەكاری خۆتان بدەن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتانە.