سەیرو سەمەرە !! ڕێپێوانی دوێنێی (هەوادارانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد) لە دیمەشق



پ.د. سەعید عەلی محەمەد

تەنها دوای تێپەڕ بوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، دوێنێ لەناوەڕاستی دیمەشقی پایتەختی سوریا عەلەمانیەکان ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و، داوای دەوڵەتێکی (عەلەمانی) یان دەکرد و، دەسەڵات و سیستەمی فەرمانڕەوایەتیی ئیسلامیان ڕەت ئەکردەوە !!
لەسەر ئەو ڕێپێوانە و، پاڵنەرەکانی و، بەشداربووەکانی و ، ئەو داواکاری و دروشمانەی کە لەم کات و تەوقیتە تایبەت و هەستیارەدا ئەو وڵاتە
پێیدا تێپەڕ دەبێت بەرز کرابوونەوە، بە پێویستم زانی ئەم چەند سەرنجە بخەمە ڕوو:
یەکەم/ هەندێک لە چالاکوانە سوریەکان و کەسانی ئاگادار لەو وڵاتە، دوای بەدوادا چوون بۆ پێناسەی ئەوانەی بانگەوازیان بۆ ڕێپێوانەکە کردبوو، هەروەها دوای پشکنین و گەڕانەوە بۆ لاپەڕەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و، جوڵەو چالاکیەکانیان لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو، ئاشکرا بوو زۆربەی هەرە زۆری بەشداربوانی ڕێپێوانەکەو ڕێکخەرەکانیشی، هەمان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر پشتیوانی ڕژێمی دیکتاتۆریان کردووەو، هەوادارو سوودمەندی دەسەڵاتەکەی بوون.

دووەم/ ئەوەی کە بە دەنگ و بەڕەنگیش بووە مایەی زیاتر ڕیسواکردن و ناشیرین کردنی ئەو ڕێپێوانەو ڕێکخەرەکانی و ، ئاشکراکردنی فۆرم و ناوەڕۆکیان و ڕووی ڕاستەقینەیان ئەوەبوو کە: هیچ تاکە بەشداربوێکی نێو ڕێپێوانەکە ئاڵای نوێی شۆرشی سوریایان هەڵنەگرتبوو، کە ئەمەش ئاماژەیەکەو پێمان دەڵێ: دیارە (شۆڕشی دژە شۆڕش) لەپشت پەردەوە زۆر خێرا هەنگاو دەنێ و هەوڵ دەدرێ چالاک بکرێ!

سێهەم / سەیرە بەڕاستی !! ئەوانەی لە گەرمەی شۆڕش و دوای ڕووخانی ڕژێمیش ئەم جۆرە ڕێپێوان و گردبوونەوانە ڕێک دەخەن، بەهیچ جۆرێک ( لێپرسینەوەو سزادانی سەرانی تاوانباری ڕژێمی پێشوو ) و، ( وەرگرتنەوەی مافی ستەملێکراوان ) و، ( تێرکردنی برسیەکان و هەژارەکان ) و، (ئاوارە بوونی ١٤ ملێون هاوڵاتی سوریی — نیوەی دانیشتوانی سوریا) و، ( لەسێدارەدانی ناڕەوای دەیان هەزار مرۆڤ لە زیندانەکان ) و، ( دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ) و ، (هەتککردنی شەرەف و نامووسی هەزارەها ئافرەت) لەو وڵاتەدا ، هیچ نرخ و بایەخێکی نیەو، تاکە شتێک کە لەڕابروو و لە ئێستاو لەداهاتووشدا بەلای ئەوانەوە گرنگەو ، هەمیشەو بەردەوام بیری لێ دەکەنەوە و هەوڵیان بۆ داوە: عەلەمانییەتە !! ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ( دژایەتی کردنی دین ) و، پەلکێش کردنی دەرەوەو دوژمنانە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرک و پلان و نەخشەیە !

چوارەم/ سەرنج بدەن.. ئەو ڕێپێوانانە لە وڵاتانی ناوچەکەدا پێشترو لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد و هاوشێوەکانیدا ڕێک نەخراون و ڕێک نەدەخران، کە زیندانە ئاشکراو نهێنیەکانیشیان پڕبوون لە هەزارەها مرۆڤی بێ تاوان ئازادیخواز، نەک تەنها ئەوەش، بەڵکو ئەوانەی ئەو گردبوونەوەو ڕێپێوانانە ڕێک دەخەن دوای ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان هەر ئەوانەن کە پێشتر چەپڵەیان بۆ دیکتاتۆرەکە لێداوەو سەمایان بۆ کردووەو، لەدەسەڵاتەکەی سوودمەندبوون !! کاتێکیش ڕژێمەکە دەڕووخێ و ئیسلامیەکان لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی نزیک دەبنەوە، ئەم هەوادارانە — ماشەڵڵا — ڕێپێوان دەکەن و چالاک و گەرم و گوڕ دەبنەوە.

پێنجەم/ کارتی ( عەلەمانییەت ) و (دیموکراسییەت) و ( ئازادی و فرەیی) و (کۆمەڵگەی مەدەنیی) و ( بەگژدا چوونەوەی توندوتیژی ئایینی ) ئەمانە ئەو دروشمانەن کە ڕۆژئاوا و دەوڵەتە وەزیفیەکان کەڵکیان لێ وەردەگرن کاتێک بیانەوێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و میللەتان بکەن، جگە لەم کارتانە هەندێ جاریش بابەتی ئارەق و باڵاپۆشی و نێربازیی و سێکسبازیی و شتی وردترو تایبەت تریش دەهێنە بەرباس ! وەک ئەوەی ئەوان چاودێرو ئامۆژگاریکەرو مامۆستاو ڕێنموونیکەری ئێمەو وڵاتەکانمان و کۆمەڵگەکانمان بن، هەروەک چۆن لە دیمانەکەی دوێنێی ( BBC ) بینیمان و بڵاو کرایەوە … لەکاتێکدا هەر ئەوان بوون ڕێگەیان بۆ ستەمکارو دیکتاتۆرەکان خۆشکردووەو دەست واڵایان کردوون ئاسمان و زەوی پڕ بکەن لە خراپەو گەندەڵیی و دزی و زیندانی و کوشتنی سەدان هەزار مرۆڤی بێ تاوان و، بەتاڵان بردنی سەروەت و سامان و داهاتی سەر ئەرزو بن ئەرز ! ئێنجا گاڵتەجاریەکە لەوەدایە دوای نەمانی ڕژێمە داپڵوسێنەرەکان دووبارە دەگەڕێنەوەو خەم و پەژارەی خراپەکارو گەندەڵ و خەڵکانی یانە شەوانەکانی ڕابردوومان پێ دەفرۆشنەوە.

شەشەم/ ئەوانەی ئەم جۆرە ڕێپێوانانە ئەنجام دەدەن کاتێک دەگەنە دەسەڵات ئیتر دروشمەکانی ئازادیی و فرەیی و عەلەمانییەت لەبیر خۆیان دەبەنەوە و، دەکەونە دژایەتی کردنی ئیسلامیەکان و سەرکوت کردنیان و زیندانی کردنیان و لەناوبردنیان ! هەروەک ئەوەی لە ماوەی
٥٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ ئەنجام دراوەو، ئەنجامیش دەدرێ و درێژەی هەیە !! مەعلومە ئەم دروشمانە هەرزانترین دروشمن کە لە جیهانی نوێ و دنیای ئەمڕۆدا بەرز دەکرێنەوە !! دەزانن بۆ ؟ چونکە تەنها دروشمی ڕووتن و کردەوەیان لەگەڵدا نیە و، میللەتە هەژارو بێ دەسەڵاتەکانیان پئ فریو دەدرێ ! تەنانەت ئەو دروشمانە هیچ کەڵک و سوودو بەرهەمێکیشیان بۆ هەندێک لەو ئیسلامیە دیموکراسیانە نیەو نەبووە کە زۆر بە دڵسۆزیی و شەفافییەتەوە لە هەندێ وڵاتدا دوای بەهاری عەرەبی پراکتیزەیان کردووە ، چونکە لە ئەنجامدا ئەوانیش توشی کوشتن و گرتن و زیدانیی و مەحروم کردن بوونەتەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی ئیسلامیی بوون، ئەگەر چی ئیسلامیی دیموکراسیش بوون

حەوتەم / دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەی سووریا گومان و پێشبینی ئەوە دەکرا چەند دەستەو تاقمێک وەک (بەرەی شۆڕشی دژە شۆڕش) سەر هەڵدەن و تەغزیە بکرێن …چونکە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە شۆڕشەکان مرۆڤە دڵسۆزو خەمخۆرو شکۆمەندو ئازادیخوازەکان سەرکردایەتیان کردووە، قوربانیەکان و شەهیدەکانیش باجەکەیان داوە، ئینجا لە دواییدا ناپاک و هەلپەرست و دەروون نەخۆشەکان شۆڕشەکەیان دزیوەو شکستیان پێ هێناوە…جا بە ئاشکراو دیار بووبێ، یان بەشاراوەو لەپشت پەردەوە.

وادەی خەرجکردنی شایستەی دارایی کارمەندانی کۆمسیۆن ئاشکرا کرا
پێت وادەی خەرجکردنی شایستەی دارایی کارمەندانی کۆمسیۆن ئاشکرا کرا
کاریگەرییەکانی مۆم لەسەر تەندرووستی
دوات کاریگەرییەکانی مۆم لەسەر تەندرووستی
پەیوەنیدر