یەكەم ڕۆژی وەرزی زستان لە هەرێمی كوردستان و نیوەگۆی باكووری زەوی دەستپێدەكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە رێكخراوی فەلەكناسی كوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە، بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، ڕۆژی شەممە، 2024.12.21 كاتژمێر 12:20ی دوای نیوەڕۆ بە كاتی هەولێر، دیاردەی (وەرگەڕانی زستانە) ڕوودەدات، واتە یەكەم ڕۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكووری هەسارەكەمان دەستپێدەكات و ئەو ڕۆژەش درێژترین شەوی تیادایە، كە ماوەكەی دەگاتە 13 كاتژمێر و 44 خولەك و 1 چركە و ماوەی ڕۆژیش كورترین ئاست تۆمار دەكات، كە دەگاتە 10 كاتژمێر و 15 خولەك و 59 چركەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لەو ڕۆژەدا، بەپێی لاریی گۆشەیی خولانەوەی تەوەریی زەوی لەسەر خولگەكەیدا، تیشكی خۆر ستوونی دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك) لەنیوەگۆی باشووری زەوی، هەربۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی دەكشێ تا دەگاتە ئاستی 23 پلە و 26 خولەك بەرەو باشوور، كە ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خۆر لە نیوەگۆی باكوور بەرەو باشوور، ئەوكاتە بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی وەرزی هاوینە، واتە (وەرگەڕانی هاوین) دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان، “هۆكاری درێژبوونەوەی ماوەی شەو و ڕۆژ و دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی هۆكارەكەی بۆ لاربوونەوەی تیشكی خۆرە، نەوەك دووركەوتنەوە و نزیكبونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە ڕاستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوگۆی باكووری زەویدا كاتێك ڕوودەدات، كە هەسارەكەمان بەرەو نزیكترین خاڵ دەڕوات لەگەڵ خۆردا”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە هەمان كاتدا و بەو پێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەریی باكوور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر یەگجار زۆر زیاتر لە ئاسمانیان دوور دەكەوێتەوە و تا وایلێدێت خۆر بۆ ماوەی 6 مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت!، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەریی باشووردا خۆر بۆ ماوەی 6 مانگ هەڵدێت و لە كاتی ئاوابوونیدا لەسەر ئاسۆی ڕۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكووری ڕۆژئاوا و ئینجا باكوور و پاشان بۆ باكووری ڕۆژهەڵات و ئینجا دووبارە لە ڕۆژهەڵاتدا بەرز دەبێتەوە بۆ ناوەڕاستی ئاسمان.
جێگای ئاماژەپێدانە، كەوا تەواوی دیاردەكانی هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكوور لە 20 – 21 – یان 22 ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا ڕوودەدات، بەڵام یەگجار زۆر بە دەگمەنی لە 23 ی كانوونی یەكەمدا ڕوودەدات، بۆیە، دوایین هەڵَگەرانەوەی زستانە لە 23 ی كانوونی یەكەمی 1903 ڕوویدا و لە 23 ی كانونی یەكەمی 2303 دا دووبارە دەبێتەوە، واتە بە ویستی خوای گەورە دوای 280 ساڵی دیكە!