هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (دهم پارتی) ڕایگهیاند، پرسی كورد به نكۆڵیكردن یان نەهێشتنی ئەو پێگەیەی کە خەڵکی ڕۆژئاڤای كوردستان بە ماندووبوون و ژیانی خۆیان دروستیان کردوە چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر دەکرێت، دهشڵێت، “لەم قۆناغەدا کە 25 بۆ 30 ملیۆن کورد له توركیا دەژین، ئێمە کوردین و دەمانەوێت لەو ماف و یاسا دیموکراسیانەی خۆمان، کە لە کوردبوونەوە سەرچاوەی گرتوە، کەڵک وەربگرین”.
تونجهر باکرهان، هاوسەرۆكی دەم پارتی ئهمڕۆ ههینی لهمیانی لێدوانێكدا دوای ئهوهی بهشداری “رێپێوانی چارەسەری دیموکراسی و ئازادی” كرد له ئیستانبوڵ، ڕایگهیاند، “100 ساڵە هەوڵدەدرێت پرسی کورد بە شێوازە کلاسیکیەکە چارەسەر بکرێت، به كورد دەگوترا گورگی کارت، ناوی تیۆری لێنرا، ئەو سیاسەتمەدارانەی دەیانوت ئێمە کوردین، چارەسەری دیموکراسیمان دەوێت کوژران، چووە سەر کوشتنە چارەسەرنەکراوەکان، دەیان ڕاپەڕین ڕوویدا و سەرکوتکران و پشتگوێ خران”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “هیچ شێوازێک نەماوە بهرامبهر به كورد، کە سەدەیەکە لە تورکیا تاقینەکرابێتەوە، گوندەکان چۆڵ کران و زمانی كوردی قەدەغە کرا، لەو سەدەیەدا دەوڵەت و حکومەت زۆر ڕێگا و شێوازیان تاقیکردەوە بەڵام شکستی هێنا”.
دەشڵێت: لەم قۆناغەدا کە 25 بۆ 30 ملیۆن کورد له توركیا دەژین، ئێمە کوردین و دەمانەوێت لەو ماف و یاسا دیموکراسیانەی خۆمان کە لە کوردبوونەوە سەرچاوەی گرتووە، کەڵک وەربگرین.
هاوسەرۆکی دهم پارتی وتیشی، “ئێمە دەمانەوێت هاووڵاتی یەکسان بین لەم وڵاتەدا، پێکەوە دەتوانین دەرگای پرۆسەیەک بکەینەوە کە کورد قبوڵ بکات و بتوانێت وەک هاووڵاتییەکی یەکسان لەسەر بنەمای دیموکراسی بژی، لەبری ئەم سیاسەتانەی پشتگوێخستن و نکۆڵیکردن کە سەدەیەکە بەردەوامە”.
ڕاشیگەیاند، “پرسی كورد به نکۆڵیکردن یان نەهێشتنی ئەو پێگەیەی کە خەڵکی ڕۆژئاڤای كوردستان بە ماندووبوون و ژیانی خۆیان دروستیان کردوە چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر دەکرێت”.
باکرهان داوای كردنهوهی دهرگای ئیماڵی كرد و وتی، “قوفڵەکە بکەنەوە، با خەڵکی تورکیا گوێبیستی قسەکانی ئیمڕاڵی و نەخشەڕێگای دیموکراسی بن و قسە بکەن و تاوتوێ بکەن، وزە و ئابوری و گەنجی ئەم وڵاتە لەسەر ئەم ململانێ و گرژیی و شەڕە بێکۆتایی و بێئەنجامە بەفیڕۆ مەدەن، لەم وڵاتەدا کورد هەیە، بە وتنی بونی نییە نامێنێت، بە دانانی لە زیندانەکاندا نامێنێت، به وتنی ئهوهی ‘کورد نییە’ کورد کۆتایی نایەت، ئەمە پێویستە لە ئێستاوە قبوڵ بکرێت”.
ڕونیشیكردهوه، “ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئۆجەلان ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت، زەمینەی دیموکراسی لە تورکیا زیاتر لە جاران بەردەستە، گەل و کرێکارانی تورکیە ئاشتییان دەوێت، ڕۆشنبیرانی تورک گروپ پێکدەهێنن و سەدان لێدوانیان لەگەڵ دەدەن بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ڕێگای دیموکراسی چارەسەر بکرێت، ئێستا ئەوە حکومەتە کە تەنها گوێی لەم بابەتە نییە و چاو و گوێی خۆی دادەخات، لێرەوە داوا لە حکومەت دەکەین، گۆشەگیری هەڵبگرن و ئەم پرسە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن بۆ سەکۆیەک کە پرسی کورد لە سەدەی دوهەمی کۆماردا بە ڕێگای دیموکراسی چارەسەر بکرێت”.
پهیوهست به دۆخی رۆژئاڤای كوردستانیش، وتی، “دەستوەردان لە پێگەی کورد لە سوریا مەکەن کە خەڵکی ڕۆژئاڤا بە ئارەقە و زەحمەت و خوێن و ژیانیان بەرگریان لێدەکرد و ئێستا ژیانێکی هاوبەشی ئازاد دەژین، کوردەکانی ئەوێ برا و خزم و ژیانی ئەو 25 ملیۆن کوردەی ئێرەن، کاتێک هێڵێک دەکێشرێت، پەیوەندی خزمایەتی و پەیوەندی سۆزداری کۆتایی نایەت”.