ئەسما ئەسەد، داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی هەڵاتووی سووریا دەكات، كە ئێستا لە ڕووسیا دەژین دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەیان و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا بەو پێیەی خۆی لە بەنەڕەتدا خەڵكی ئەو وڵاتەیە
ماڵپەڕی (مۆدێرن دۆت ئاز) بڵاوی كردۆتەوە، مێدیاكانی ڕوسیا زانیاریی تازەیان لەسەر خێزانەكەی بەشار ئەسەد بڵاو كردووەتەوە دوای ئەوەی لە دیمەشق هەڵاتن و لە مۆسكۆ گیرساونەتەوە و حكومەتی ڕوسیا مافی پەنابەرێتی پێدان.
بە گوێرەی مێدیاكانی ڕوسیا، ئەسما ئەسەد دەیەوێت لە بەشار ئەسەدی هاوسەری جیا ببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتەوە لەندەن، بۆ ئەمەش داواكارییەكی پێشكەشی دادگای مۆسكۆ كردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدات و بە فەرمی لە مۆسكۆ بەرەو لەندەن بچێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، هەرچەندە بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتووی سووریا بەخۆیی و ئەندامانی خێزانەكەی لەلایەن حكومەتی ڕوسیاوە بە پەنابەری مرۆیی قەبوڵ كراون، بەڵام ئێستا لە ژێر چاودێرییەكی چڕ و وردی هێزێكی تایبەتی ڕوسیادان و هەموو چالاكییەكی سیاسی یان هەوڵی دەرچوونیان لە مۆسكۆ و ڕوسیا لێ قەدەغەكراوە.
ئەسما فەواز ئەخرەس لە 11ی ئابی 1975 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایكبووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی سووری و بەریتانییە، باوكی پزیشكی دڵ و دایكیشی دیپلۆماتكار بووە لە باڵیۆزخانەی سووریا لە لەندەن.
ئەسما لە 11ی 8ی 1975 لە لەندەن لەدایك بووە و لە 18ی كانوونی یەكەمی 2000 لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیریان كردووە و لە 8ی كانوونی یەكەمی 2024 لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەدی مێردی، لە دیمەشقەوە بەرەو مۆسكۆ هەڵاتن.