بەتۆمەتی دزینی بڕی زیاتر لە ٣٥ ملیۆن دینار، مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد، کە لەبەنزینخانەکەیدا بڕی ٣٥ ملیۆن و ٦٠٧ هەزار دیناری لێ دزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە سێ تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
ڕاشیگەیاندووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا دەستگیرا بەسەر بڕێک لەپارە دزراوەکەدا، هەروەها تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە بڕێک لەپارەکەیان گۆڕیوەتەوە بەدۆلاری ئەمەریکی و هەر لەپارەکە ماتۆڕسکیل و دەمانچەو موبایلیان کڕیوە.
جەختیشی كردۆتەوە، تۆمەتباران (ر، ب، ع – س، ج، ح – هـ، ج، ح) دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادان ڕاگیراون.