سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستبوونی گرفت بۆ هەزاران مووچەخۆر دەخاتەروو و دەڵێت” تاوەکو ئێستا هەزاران کەس مووچەیان وەرنەگرتووە”.
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمیدیای سەر بە پارتی ڕاگەیاندووە، بەهۆی جیاوازی سیستمی خانەنشینی بەغدا و هەرێمی کوردستان، کێشە بۆ 26 هەزار مووچەخۆر دروستبووە.
لەبارەی هحۆکاری گرفتەکە هیوا ئەفەندی وتویەتی، ، لە بەغدا جگە لە بەخێوکەر و ئەو چاودێریکەرەی کە حکومەت دیاریکردووە، بێ باوکیش UPNی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بێ باوک UPNـی لێوەرناگیرێت.
ڕوونیشیکردۆتەوە، گرفتەکە بەشێکی پەیوەندی بە هاووڵاتیان و خانەنشینان خۆیانەوە هەیە، کە هەتا ئێستا UPNیان نییە، هاوکات بەشێکیشیان پەیوەندی بەو فەرمانبەرانەوە هەیە کە کارەکان رایدەکەن چونکە داوای کۆدی UPNناکەن و ئەمەش وادەکات خانەنشینان UPNەکانیان نەدۆزرێتەوە.
هاوکات وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش ڕایگەیاندووە، لە 14 بەڕێوەبەرایەتی بەهۆی کێشەی بایۆمەترییەوە، هەزاران کەس تائێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەیەکەمجار ئەمساڵ بریاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی لەگەڵ عێڕاق درا، بەڵام هێشتا بڕیارەکە مووچەی خانەنشینی سەربازی نەگرتۆتەوە، جگە لەوەی بڕیار دراوە بەهۆی گرفتەوە تا ئێستا سەرجەم خانەنشینانی مەدەنی نەیانتوانیوە مووچەکانیان بە هاوتاکراوی وەربگرن.