شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی بۆ بارینی بەفر لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەکات و دەڵێت”زۆرترین کاریگەری لەسەر سلێمانی هەڵەبجە دەبێت”.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی ھەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024 ھەرێمی کوردستان و بەشێکی ناوچەکانی رۆژئاواو و ناوەراستی عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لەگەڵ کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی سەرەوەدا حالەتێکی لاوازی ناسەقامگیری کەش لە ناوچەکەدا دروست ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتەکانی بەیانی و نیوەرۆی بارانی مامناوەندی پچر پچر لە رۆژئاواو و ناوەراستی عێراق دەستپێدەکات پاشان لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا بەرێژەی جیاواز ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەری زیاتریشی بە پلەی یەک لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ئەبێت و کەمترین کاریگەری لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک ئەبێت،
ئەو پێشبینیکارە دەشڵێت، لەسەرەتای شەپۆلەکەوە لەناوچە شاخاویەکاندا پێشبینی ئەکرێت لە بەرزی 1100 مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ببارێت و سەنتەری شاری پێنجوێن و ئەو قەزا و ناحیانەی لەو ئاستە بەرزیەدان بەفر ئەبارێت، لەگەڵ لوتکەی شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەر و کاریگەری بەشێوەی پچر پچر تا بەرەبەیانی رۆژی شەمە بەردەوام دەبێت.
رێژەی بارانی پێشبینیکراو بە ملیممەتر :-
پارێزگای سلێمانی 5-20 ملم
پارێزگای ھەولێر 2-8 ملم
پارێزگای دھۆک 0-3 ملم
پارێزگای ھەڵەبجە 5-15 ملم
پارێزگای کەرکوک 2-6 ملم
ئیدارەی گەرمیان 2-6 ملم
ئیدارەی راپەرین 4-8 ملم
ئیدارەی سۆران 2-5 ملم
رێژەی بەفری پێشبینیکراو بە سەنتیمەتر :-
ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی 5-12 سم
ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر 1-5 سم
ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی راپەرین 3-7 سم