وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەواڵی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت”هیچ ئاگربەستێک لەگەڵ هەسەدە نییە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز رایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێكی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” لە رۆژئاوای كوردستان نیە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند، هیچ باسێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت لە باکووری سووریا ناکرێت، ئەمەش پێچەوانەی ڕاگەیاندراوێکی ئەمریکایە.
ئەو بەرپرسە وتیشی “ئێمە وە تورکیا، بەهیچ جۆرێک لەگەڵ هەسەدە گفتوگۆ ناکەین. بەیاننامەکەی “ئەمریکا” دەبێت خلیسکێنەی زمان بێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیای تا کۆتایی هەفتەی ڕاگەیاند.
ئەو بەرپرسەی بەرگری تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە توركیا “ئەو ناوچانە ئازاد دەکەن کە هێزە کوردییەکانی تێدایە لە سووریا”.
دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست بە سەرپەرشتی ئەمریكا، بەڵام تورکیا و میلیشیا چەكدارەكانی، هێرشدەكەنە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.