شێرکۆ کرمانج – چاودێری سیاسی
بەشی سێیەم
لەم بەشە تاوتوێ پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی لەگەڵ چەند دەرکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی دەکەین، ئەوە دەخەینەڕوو کە چۆن خەباتی خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی، نەک تەنیا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی پارچەیەکی کوردستان، بەڵكو لەنێوان حزب و لایەنە پارچە جیاجیاکانی کوردستان، لە کۆتاییشدا، گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی لەگەڵ جه‌ماوه‌ری کوردستان دەکەین.
شه‌ڕی براکوژی
وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه له شاخ و شاره‌کان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه له وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی شۆڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام به چاوخشانێکی خێرا به مێژووی بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان دیارده‌یه‌کی کوشنده دێته‌به‌رچاو، که کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌کاندا داناوه و زۆرجاریش بۆته مایه‌ی داڕمانی متمانه به هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه.
دوا بەدوای شکستی ١٩ ڕاپەڕینی چەکداریی لە باکووری کوردستان و ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و بارزان لە باشوور، هەروەها ڕووخانی کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئه‌یلول لە باشوور، ده‌کرێت به سهرەتایهکی نوێ دابنرێت لە بزووتنەوە کوردستانییەکان، لانیکەم لە ڕووی ڕێکخرابوونیانەوە، کە پارتێکی سیاسیی ڕابەرایەتی دەکردن نەک وەک ئەوانەی پێش ئەمان کە بە گشتی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتیان دەکردن.
بەگشتی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو خاڵەدا لەوانی پێش خۆیان جیا دەکرانەوە، سەرەڕای ئەوە، هێزی پێشمه‌رگه له شۆڕشی ئەیلول ١٩٦١-١٩٧٥ و جوڵانەوەکانی دوای ئەویش بە سەرکردایەتی حزبە کوردستانییەکان، وەک:
شۆڕشی نوێ/گوڵان ١٩٧٦-١٩٨٨ و شۆڕشی ڕۆژهەڵات ١٩٧٩- تائێستا، ڕاپەڕینی تەباخ ١٩٨٤- تائێستا، چه‌نده چه‌که‌کانیان به دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه ئه‌وه‌نده‌ش له دژی یه‌کدی له شه‌ڕی “براکوژی”دا به‌کاریان هێناوه، هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه نه‌یاره‌که‌ی تاوانبار کردووە و ده‌کات.
لەوانەیە کەسانێک هەبن که هۆکاری شەڕی ناوخۆ بگێڕنەوە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆجی و عەقڵییەتی پارتی پێشەنگ (الحزب الطلیعي)، ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان، دەستوەردانی هێزە داگیرکەر و دەرەکییەکان، تێنەپەڕاندنی عەقڵییەت و هەستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی لەلایەن هێز و لایەنە کوردستانییەکان، تێنەگەیشن لە هاوچارەنووسیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتی مێژوویی، لاوازیی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە باڵی کێشابێت بەسەر هەست و بیری تەسکی حیزبی و … هتد.
ئه‌مانه و چه‌ندین هۆی دیکه هه‌موویان کەم تا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمە مه‌به‌ستمانه په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێین ئه‌وه‌یه که خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی چەکدار، واتە ئامادەیی چەک و چەکدار، میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ، لانیکه‌م، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین که بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێک حاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی ساده دەگۆڕن بۆ فۆرمێکی خوێناوی، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که پێکدادانی چه‌کدارانه کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه و چاره‌سه‌رکردنی ململانێکان و کێشه‌کان دوای خوێنڕشتنیش ئاڵۆزتر و برینه‌کانیش قووڵتر ده‌کەن.
له فه‌زایه‌کی بێ چه‌ک، واتە بێ بوونی هێزی چەکدار دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی وەک ڕێبازێک، ئاسۆی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتر دەکات و لایه‌نه ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت، ئه‌و لایه‌نانه‌ی که گومانی نۆکهرایهتیشیان لێ ده‌کرێت له نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن، به‌ڵام که به چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانه‌وه، داگیرکەرانەوە، زیاتر و باشتر پشتیوانی سه‌ربازیی و لۆجستیان لێ ده‌کرێت، بەمەش زه‌لکاوی شه‌ڕه‌که قووڵتر ده‌بێت.
چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی داگیرکەران و نه‌یارانی کورد زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت، چونکه توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌ده‌ستیان دەرده‌چێت، چه‌کداربوونی لایه‌ن و حیزبه سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوام زیندوو ڕاده‌گرێت، دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ ئێستاکه‌ش له باشووری کوردستان هەر هەیە له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی.
به‌کورتی حزبی چه‌کدار نەک هەر له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی بەڵكو لە قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی بۆ چه‌کی لێ ده‌کرێت، بۆچی؟ وەڵامەکە ئاسانە، چونکە حزبی چەکدار دوای هاتنە سەر حوکم ئامادەنییە هێزە چەکدارەکانی کە وەک پارێزەری خۆی دەبینێت، لە چەک داماڵێت، یان بیانخزێنێتە نێو سوپایەکی بان-حزبی و نیشتیمانی، ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت.
ململانێی سیاسی له هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه و ده‌بێت، لە ڕاستیدا سیاسەت وەک زانست و وەک پراکتیز وەڵامگۆی ململانێکانە و مەبەست لێی ڕێکخستن و کەمکردنەوە و ئیدارەدان یان چارەسەرکردنیانە، سیاسەت تەنیا لەو شوێنە بوونی نییە کە یەک کەس بوونی هەیە، یەک کەسەکە بوو بە دوو، سیاسەت سەرهەڵدەدا، واتە، ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش هەیە سروشتییە و زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ململانێ لە بوونی دوو کەس، دوو لایەن، دوو گرووپ، دوو حزب، هتد، سەرهەڵدەدات، به‌ڵام چه‌ک و چەکداری کە زادەی ڕێبازی خەباتی چەکداریین، ململانێکان به ئاقارێکی نه‌ویستدا ده‌بات.
بۆ نموونە، شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەلایەک و گرووپەکەی دیکە لەناو پارتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی له شه‌سته‌کانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتی و پارتی له حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتی و بزووتنه‌وەی ئیسلامی له نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات له هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبی دیموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ له نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو، په‌که‌که و هه‌رێم، په‌که‌که و پارتی، په‌که‌که و یه‌کێتی، نموونه‌ی تاڵ، بەڵام زەقی، ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ن که له نێوان لایه‌نه کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه، خه‌باتی چه‌کداریی نه‌با به دڵنیاییه‌وه ململانێکان نه‌ده‌گه‌یشته ڕاده‌ی پێکدانانی چەکداریی و خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی.
به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه، که مه‌ڵبه‌ند و گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون، ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حزبانه له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو که‌چی کێشه‌کان له شاره‌کان هه‌رگیز به چه‌ک یه‌کلایینه‌کراونه‌ته‌وه، بێجگە لەمە، ململانێکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان ‘مەلا مستەفا لەدژی ئیبراهیم ئەحمەد’، یان ئەوانەی نێوان حیزبی دیموکرات ‘عەبدولڕەحمان قاسملۆ لەدژی ئەوانی دیکە’ پێش دەست پێ کردنی خەباتی چەکداریش لە باشوور یان ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو، بەڵام تەنیا کاتێک ململانێکان بە چەک یەکلاییکرانەوە، ئەوکاتەی کە خەباتی چەکداریی دەستی پێ کرد.
شایەدی کەسێک، کە کورد گوتەنی سەری خۆی لەنێو ئەو باسوخواسانەدا سپی کرد، لەوانەیە پشتڕاستکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئەو ئارگیومێنتەی کە لێرە من پێداگری لەسەر دەکەم و دەڵێم خەباتی چەکداریی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژییە، نه‌وشیروان مسته‌فا، کە لە شەستەکانەوە پەنجەی لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان نەرم کرد تا مردنی لە ٢٠١٧دا، له کتێبی “په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن” لاپەڕە ١٣٦ ده‌ڵێت “ڕاسته ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حزبه‌کان له‌شکری تایبه‌ت به خۆیانیان نه‌بوایه نه‌یان ئه‌توانی په‌نابه‌رنه به‌ر شه‌ڕی چه‌کداریی بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان”، ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە من جەختی لەسەر دەکەم، لە غیابی چەکدا پەنا بۆ ئامڕاز و شێوازی دیکە دەکرێت ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشە و ململانێکان، وەک گفتوگۆ، دانوستان، پێکهاتن و هتد، بەڵام کاتێك حزبەکان خەباتی چەکداریی پەیڕەو دەکەن و ململانێی لەنێوانیان سەرهەڵدەدات ئیدی چەک دەبێتە ئەو ئامڕازەی کە دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەبری میکانیزمە مەدەنییەکان.
نموونەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان شەڕی براکوژی و خەباتی چەکداریی دۆخی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەک حزبێک، یەکگرتوو وەک حزبێکی سیاسی کوردستانی لە ١٩٩٤ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لەو لایەنە دەگمەنانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ نەگلاوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە دەستەی چەکداری نییە و خەباتی چەکداریی نەکردووە بە ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لانیکەم تا ئەمڕۆ، یەکگرتوو هێزی چەکداری هەبووایە، ئەگەری زۆربوو وەک لایەنەکانی دیکە لە شەڕی براکوژی بەشدار بووایە، جا حەزی کردبا یان نا.
لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە به بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه ئاستی قڕکردنی یه‌کدی، بێجگه له‌مه بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن و به‌ره‌و ئاقاری پێکدادان و خوێناوی ببەن، لایه‌نه کوردییه‌کان به گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له شان کردنیان وه‌ک سیمبوڵی خەباتی ڕزگارییخوازی نیشتیمانی ناساندووه، هیچ کامیشیان بوێری ئه‌وەیان نه‌کردووە که ئه‌و تێڕوانینه کۆن و ناوه‌ڕۆک چەپییانە یان خێڵه‌کییانە بگۆڕن.
ئه‌مه وای کردووه که ده‌ستپێکردن یان ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه به ده‌رچوونی یه‌که‌م ته‌قه له تفه‌نگ بناسێنن، بۆ نموونە، یەکێتی ١ی حوزەیران ١٩٧٥ دامەزراوە بەڵام دەستپێکی شۆڕشی نوێ لای یەکێتی ئەو ڕۆژە نییە بەڵکو ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی چەکداریی دەستپێدەکات، واتە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦، ئەمە بۆ پەکەکەش هەر ڕاستە، پەکەکە لە ١٩٧٨ دادەمەزرێت بەڵام لە دیدی حزبەکە، شۆڕشی تەباخ لە دامەزراندنی حزبەکەوە دەستپێناکات بەڵکو لە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە ١٥ ی تەباخی ١٩٨٤.
کاره‌سات له‌وه‌دایه ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه وای کردووه که هه‌ره‌سهێنانی بزووتنه‌وه چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی بزووتنه‌وه‌کە وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێت، بۆنموونه، نسکۆی ١٩٧٥ وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازیی نه‌ناسراوه، به‌ڵکو وه‌ک داڕمانی ته‌واوی شۆڕشی ئەیلول ناسێنراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارتی وەک حزبێکی سیاسیی لە نسکۆدا کۆتایی پێ نەهات.
پاوانخوازیی و خه‌باتی چه‌کداریی
وەک ئاکامێکی دیکەی نەرێنی خەباتی چەکداری، ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه له‌خۆ نیشانده‌دات ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته، که تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.
لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر خۆیان له ڕێگای ده‌سته چه‌کداره‌کانه‌وه ناساندووه و به‌گشتی له‌و شوێنانه توانیویانه خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه، بۆ نموونه یه‌کێتی به گشتی له سۆران و پارتی له بادینان و حیزبی دیموکرات له موکریان و کۆمه‌ڵه له دەورەبەری سنە، ئەمە بۆ په‌که‌که له باکوور لەوانەیە زۆر ڕاست نەبێت، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو حزبە گۆڕەپانی خەباتی لە باکوور قۆرغ کردووە، بە باش یان خراپ.
حزبە کوردستانییەکان، بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که هێزه‌کانیانی بەسەردا زاڵە هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه بۆ شوێنه‌کانی دیکه، واتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له ١٩٧٨ له ناوچه‌ی هه‌کاری ڕوویدا به‌شێکی له ئاکامی پاوانخوازیی له‌لایه‌ن پارتی و ناردنی هێز بوو له‌لایه‌ن یه‌کێتیه‌وه بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتی له بڵاوکراوه‌کان باس له‌وه ده‌کات که زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک له سووریاوه هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه بوو، هه‌رچۆنێک بێت، هۆکاری پشت جووڵەی هێزەکانی یەکێتی هەر چییەک بووبێت، شکاندنی پاوانخوازیی پارتی بێت یان گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه هه‌یه.
به واته‌یه‌کی دیکه، خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بووە، ئەگەر یەکێتی خەباتی چەکداریی نەکردبا پێویستی بەوە نەدەبوو کە بچێت ڕێڕەوی کۆمەک و یارمەتی و چەک و تفاق لە سووریاوە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات، بەهەمانشێوە، پارتی ئەگەر هێزی چەکداری نەبوایە ئەوە عەقڵییەتی پاوانخوازیی لەلای گەڵاڵە نەدەبوو، بەهەر حاڵ، کارەساتی هەکاری کە بەرهەمی خەباتی چەکدارییە دوای زیاتر لە ٤٥ ساڵ برینه‌کانی به ته‌واوی سارێژ نه‌کراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد، بوونی چه‌کدارانی په‌که‌که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێ کهوتووەتهوه، ئێستاش ئه‌و ئهگهرە هه‌ر ماوه، هەردوو نموونە، هەردوو پاوانخوازیی، دەرکەوتەی خەباتی چەکداریین.
پەکەکە بۆیە پێویستی بە بنەوبارەگایە لە باشوور چونکە خەباتی چەکداریی دەکات، کەسێک، کادیرێک، چالاکوانێکی هەدەپە/دەم پارتی لە قەندیل و گارە و مەتین نا‌بینیت، ئەوەی لەوێیە گەریلا چەکدارەکانی پەکەکەن.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه که چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه، ده‌بێت لایه‌نه کوردستانییه‌کان گه‌شه به توانای ڕێکخستن و سازدان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سته چه‌کداره‌کان، کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کداربن.
هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێر و جه‌ماوه‌ر
ئاکامێکی نەرێنی دیکەی خەباتی چەکداریی لێک جیابوونەوەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسی و خەڵکی کوردستانە، دامه‌زراندن و ناردنه شاخی ده‌سته چه‌کداره‌کان هه‌میشه یه‌که‌م کاری حزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان بووه، ده‌سته چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و ڕووناکبیریی هه‌ره لێهاتووی حزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون، هه‌رزووش ڕه‌وانه‌ی شاخ و داخ و ئه‌شکه‌وته‌کان کراون.
به‌م کاره بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان کردووە، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپی لێ کهوتووەتەوه، یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕووناکبیرو ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که بووە له جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان، ئەو شوێنەی کە پێگەی سەرەکی چینی ناوەند و خوێندەوار و پیشەگەرەکانە.
دووه‌میان، له ده‌ستدانی ڕۆڵه هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و دەستەبژێرە بووە له شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌کاندا، شه‌هیدبوونی هەزاران سه‌رکرده که له ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له ده‌ستداوە ده‌کرێت به نموونه بهێنینه‌وه، وەک شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانی تەمەن ٣٠ ساڵ لە ڕۆژهەڵات، شەهید ئارام (شاسوار جەلال، تەمەن ٣١ ساڵ) لە باشوور، شەهید مەعسووم کۆرکماز (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە باکوور.
له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده ڕووناکبیره زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه که له بزووتنه‌وه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتووە، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی فکریی و ستراتیجی بزووتنەوەکان، بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌ر سه‌رەکی شه‌هیدبوونیان بووە.
ئه‌و دەستەبژێرە که ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کرێن ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بن ئه‌وه به حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سەر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نەدەما، ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕۆژ له شاخه‌کان (لەم سەردەمەشدا لەنێو تونێلەکان) زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و به شه‌و به ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له دوژمن نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن و وەگەڕبخەن. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که له دێهاته‌کان کار نه‌کراوه یان له شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه، به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و دەستەبژێرە که ده‌بوایه له ناو خه‌ڵک با له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنووری کاره‌کانیان له ناوچه‌یەکی دیاریکراو قه‌تیس ده‌بوو، کاتێکیش شه‌هید ده‌بوون کاریگەرییان کۆتایی پێ دەهات.
له مێژووی کورددا چه‌ندین ڕێکخراو له شار له دایکبوون و له شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه، بۆ نموونە حیزبی هیوا، هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
لە بەشی داهاتوو گفتوگۆی چەند دەرکەوتەیەکی نەرێنی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە چۆن خەباتی چەکداریی کوردستانی کردووە بە کێڵگەی شەڕ و چۆن بۆتە مایەی دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان.