هێشتا حکومەتی کاتی سووریا خۆی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵام ئەردۆغان داوا دەکات کوردەکان چەک دابنێن و خۆیان ڕادەست بکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئێستا لە سووریا دوو حکومەت هەیە، یەکەمیان حکومەتای کاتی سووری، کە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریاوە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی ئۆپۆزسیۆن و سووپای ئەسەد جیابوونەوە، و لە ڕۆژئاوای کوردستان شارۆچکەی ئەعزازیان کردە پایتەخت.
هاوکات حکومەتی دووەم، حکومەتی ڕاگوزەرە کە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا هاتە ئاراوە، هەرچەندە بەپێی یاسا و لێکدانەوەکان، لەکاتی ڕاگەیاندنی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، دەبوو حکومەتی کاتی سووری خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازی و ناکۆکی ڕووینەدا.
ئێستا ئەردۆغان بەهێز و بە زمانی زبر دەیەوێت کوردەکان چەک دابنێن و ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بن، و داوای یەکپارچەیی و یەک حکومەت دەکات لە سووریا، هاوکات تورکیا دەیەوێت دیمەشق ئیدارەی خۆسەر هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەم حکومەتە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی ڕژێم نەبوو، بەڵکو لەپێناوی داگیرکاری ڕۆژئاوای کوردستان درووستکرا، ئێستاش هەتا ئامانجەکەی بەدینەهێنێت یاخود دیمەشق هێرش نەکاتە سەر ئیدارەی خۆسەر تورکیا ئامادەنییە هەڵیبوەشێنێتەوە.