سەرۆکی ڕووسیا ڕەتیکردەوە کە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا وەک شکستی وڵاتەکەی لێکبدرێتەوە و ڕایگەیاند 30 هەزار سەربازی دیمەشق و هێزەکانی سەر بە ئێران لە بەرامبەر 350 چەکداردا هەڵاتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند، هەندێک هەوڵ دەدەن ئەوەی کە لە سووریا ڕوویدا وەک شکستی ڕووسیا لێکبدەنەوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە.
وتیشی: “350 شەڕکەری ئۆپۆزسیۆن چوونە حەلەبەوە، 30 هەزار سەربازی حکوومەت و یەکەکانی لایەنگری ئێران بەبێ شەڕ کردن کشانەوە”.
سەرۆکی ڕووسیا پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، مۆسکۆ بە بەکارهێنانی بنکەی حمێمیم چوار هەزار شەڕکەری لایەنگری ئێرانی گواستووەتەوە بۆ تاران.
سەبارەی بە بەشار ئەسەدیش کە مۆسکۆ وەک پەنابەر داڵدەی داوە، سەرۆکی ڕووسیا وتی تا ئێستا نەمبینوە، بەڵام دەمەوێت چاوم پێی بکەوێت.