بۆچی (شۆڕشە ئیسلامییەكەی سووریا) هەمووانی ترساندووە؟!



پ . د . سەعید عەلی محەمەد

دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی سووریا و هەڵاتنی سەرۆكە دیكتاتۆرەكەی وڵاتێك نەماوە لە ناوچەكەدا نەتۆقیبێ لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی سووریا و كاریگەری ئەو شۆڕشە لەسەر بوژاندنەوە و جوڵاندنی ئیسلامییەكان لە وڵاتەكانیاندا!

هیندستان لەو دوورەوە ترسی لێ نیشتووە جوڵانەوەی ئیسلامیی ویلایەتی كشمیر دووبارە ببێتەوە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە! هەریەك لە ئیماراتی عەرەبی و ئوردن و وڵاتانی كەنداو بەگشتی دەستیان بە جموجوڵێكی دیپلۆماسیی و سیاسیی و موخابەراتیی ئاشكراو پەنهان كردووە بۆ ڕێگەگرتن لە هەیمەنەكردنی چەكدارە ئیسلامییەكانی سووریا بەسەر دەسەڵاتداو هەڕەشە دروستكردن بۆ سەر ئاسایش و عەرش و دەسەڵاتەكەی ئەوان!

لەولاوە عەبدولفەتاح سیسیی) سەرۆكە كودەتاچییەكەی میسریش ترس و لەرزێكی زۆری لێ نیشتووە و لەپێشبینی سەرهەڵدانی شۆڕشێكی جەماوەریی سەرتاسەریی دژ بە دەسەڵاتەكەی و تووشبوونی بە هەمان چارەنووسی بەشار ئەسەد هەر لەئێستاوە دەزگا هەواڵگرییەكانی داوای بەهاناوە هاتنی ئیسرائیل دەكەن و لە میدیاكانیشدا دەیەوێ پاكی پەرێزی خۆی ڕابگەیەنێ و دەڵێ: من نە خوێنی میسرییەكانم ڕشتووە و نە پارە و سامانی وڵاتیشم دزیوە!

لە عێراق و لە ئێرانیش قەلەقی و پشێوییەك بە سیاسیەكانەوە زۆر بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێ و ئەم دوو وڵاتە ترسی ئەوەیان هەیە لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە و پەرەسەندنی توڕەییەكان لە ناوچەكەدا پەل بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەكانی ئەوانیش بهاوێ و هەیمەنەی ئێران و هاوپەیمانەكانی بۆ هەتا هەتایە لە ناوچەكەدا كۆتایی پێبێت!

ئەمە جگە لەوەی هەریەك لە ئەمریكا و ئەوروپا و ئیسرائیل پەیامی ئاگاداركردنەوە و هەندێ جار هەڕەشە ئامێزیش بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەنێرن و تەلئەبیبیش ڕۆژانە توانا سەربازیی و دامەزراوە گرنگ و ناوەندە تەكنۆلۆژیی و زانستییە پێشكەوتووەكان لە سووریا بۆردومان و وێران دەكات!

ئەم هەموو ترس و دڵەڕاوكێیە لە سەركەوتن و هاتنە پێشەوەی ڕەوتێكی ئیسلامیی چەكداریی كە تا ئەم ساتەوەختەش زۆر وردو عاقڵانە و زیرەكانە مامەڵە دەكات و وا دەردەكەوێ زۆر چاك شارەزا و ئاگاداری سیاسەت و زمان و گوتاری جیهانی هاوچەرخ بێت، كۆمەڵێ هۆكارو پاڵنەری سەرەكی لە پشتەوەیە كە دەكرێ من لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاماژە بە هەندێكیان بكەم :

 

یەكەم / وڵاتی سووریا كە پێی دەوترێ وڵاتی شام بەدرێژایی مێژوو قورسایی و كاریگەریی و پێگەی تایبەت و پیرۆزی خۆی هەبووە، زۆر لە دەقە ئاینییەكان و فەرموودە پیرۆزەكان ئاماژەیان بەم تایبەتمەندییە داوە، بۆ نمونە : پێغەمبەر – دروودی خوای لەسەر بێ – دەفەرموێ : ان الله قد تكفل لي بالشام / پەروەردگار پاراستنی شامی بۆ من لە ئەستۆ گرتووە، یان دەفەرموێ : (اذا فسد اهل الشام فلا خير فيكم / ئەگەر خەڵكی شام توشی لادان و خراپە بوون ئیتر ئێوە كەڵكتان تێدا نیە)، هەر لە فەرموودەدا هاتووە : (عقر دار المؤمنین : الشام / شام سوچی ماڵە گەورەكەی باوەڕدارانە)، ئیبنوكەسیر گەورە مێژوونووسی ئیسلامیی دەڵێ : وڵاتی شام لە كۆتاییدا دەبێتە شوێن و پەناگەی ئیسلام و موسڵمانان … لە كەلتوری ئیسلامیشدا ئەوە دووپات كراوەتەوە كە نەمانی ئاژاوە و خراپە لە وڵاتی شامدا سەركەوتنی ئیسلام و هێزی باوەڕ و نەمانی نیفاق بەدوایدا دێت لە شوێن و وڵاتانی تری ناوچەكە !! بۆیە لەم سۆنگەیەوە دوور نیە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد و گەڕانەوەی وڵاتی شام بۆ ژێر ڕكێفی دەسەڵاتێكی ئیسلامیی سەرەتای دەستپێكردنی ئەو قۆناغە بێت كە تێیدا سەرجەم ڕژێمە دیكتاتۆرو ستەمكارەكانی ناوچەكە یەك لەدوای یەك ڕادەماڵرێن!

 

دووەم / بیرمەندو شارەزایانی بواری سیاسەت و مێژووی كۆن و هاوچەرخ دەڵێن : خۆرئاوا و ڕژێمە دیكتاتۆرەكان قەت لە زۆری ژمارەی موسڵمانان و مزگەوتەكانیان نەترساون، ئەوان كاتێك ترساون و دەترسێن ئیسلام دەوڵەت بێ و دەسەڵاتی هەبێ و فەرمانڕەوایەتی بكات! چونكە ئەوان دەزانن لە بارودۆخ و كەشێكی ئاوادا شوێنكەوتووەكانی ئیسلام و گەلانی موسڵمان لە پەراوێزەوە دەبنە بڕیاردەرو لە كۆمەڵێ مەڕو ئاژەڵی دەستەمۆ و ڕاهێنراوەوە دەبنە خاوەن دان و كەڵبەی تیژ كە توانای ڕووبەڕووبوونەوە و شكستپێهێنانی هەر لایەنێكیان هەیە پەلاماریان بدات و هێرش بكاتە سەریان ! ئەوان چاك لەو ڕاستیە تێگەیشتوون كە چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی و مومارەسەكردنی عاقڵانە و زیرەكانە و حەكیمانەی ئەو دەسەڵاتە لەهەر وڵاتێكدا بەرهەم و داهێنان و بوژانەوە و پێشكەوتن و ئارامی و دەستكەوتی گەورەی بێ وێنە پێشكەش دەكات!

زەقترین و نزیكترین بەڵگەش ئابووریی و گەشەكردنی ئەفغانستانە، بەهێزیی و تۆكمەیی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پایەكانی دەسەڵاتە لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا، ئەو فەرمانڕەوایەتیەی كە توانی تەنها لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم قەرزە دەرەكییەكانی سەر ئەفغانستان بداتەوە و گەلی ئەفغانستان لە كۆت و بەندی (بانكی دراوی نێودەوڵەتی) ڕزگار و ئازاد بكات ! بۆیە دووبارەكردنەوە و بەرجەستەكردنی نوسخەی دووەمی ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی ئەفغانستان لە سووریادا زۆر ئاسانتر دەبێ بەهۆی ئەو پێگە جیۆپۆلۆتیكیە گرنگ و سەروەت و سامان و داهاتە گەورەیەی لەو وڵاتەدا هەیە، ئەگەرچی دوژمنەكانی دەوروبەری سەرسەختترن و هەڕەشەكانی سەر ئەو وڵاتەش زۆرتر و گەورەترن!

 

سێهەم / لەنێو گەلانی ئیسلامیدا نەوەیەكی نوێ پەروەردە و پەیدابووە كە بەس تەنها لە سنووری بانگەوازو دەعوە و پەروەردەدا ناخولێتەوە، بەڵكو هەنگاو بەرەو بنیاتنانی دەوڵەت هەڵدەگرێ، نەوەیەك كە ئاڵاو دروشمی گرتنە دەستی دەسەڵاتیی هەڵگرتووە، نەوەیەك كە ئەزموون و لێهاتوویی و توانا و وانەی لە مەیدانەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ وەرگرتووە و لەنێو جەرگەی ناسۆری و تاڵاوی زیندان و قوربانیەكاندا پێگەیشتووە، ئەم نەوەیە ئێستا هەوڵی گەڵاڵەكردنی پڕۆژەی شارستانیی دەدات كە فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵات بۆ ئیسلام بگێڕێتەوە و شەریعەت بكاتەوە بە مەرجەعی ژیانی میللەتە ستەمدیدەكان، ئەو نەوەیە بڕوای وایە بەرجەستەكردن و پراكتیزەكردنی پڕۆژە ئیسلامیە گەورەكە ناكرێ تەنها هەر خەون بێ، بەڵكو بە هەوڵ و كۆشش و قوربانیی زۆر بە ئاسان دەبێتە حەقیقەت و دەتوانێ ڕژێمە دیكتاتۆرو سیستمە تۆتالیتاریەكان ڕاماڵێ! بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا كە بە قۆناغی (هەڵوەشانەوەی سوپاكان) و قۆناغی لاوازبوونی ڕۆڵی دەوڵەتان و سەرهەڵدان و بوژانەوەی جوڵانەوە ئازادیخوازەكانە.

 

چوارەم / زۆربەی زۆری سەركردە و سەرۆك و بیریاریە ڕۆژئاواییەكان بە ئاشكراو لە كۆبوونەوە داخراوو تایبەتەكانیاندا، هەروەها لە ڕاپۆرتە هەواڵگریەكان و توێژینەوەكانی سەنتەرو دامەزراوە ستراتیژە شیكارییەكانی رۆژئاوادا ئەو ڕاستییە دووپات ئەكەنەوە كە كێشە و گرفتی ئەوان لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و گەلانی موسڵماندا تەنها ئیسلام و شەریعەتە و هیچی تر، چونكە بەلای ئەوانەوە – وەك خۆیان دەڵێن – ئیسلام ئاینێكی شارستانیی گشتگیرە و هەموو وەڵامەكانی پرسیارەكانی پەیوەست بە ژیان و گەردوون و مرۆڤایەتیی تێدایە و ڕكابەرێكی سەرسەختی شارستانیەتی ڕۆژئاوایە كە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو شكست و پوكانەوە و داڕمان دەڕوات، دەكرێ لێرەشدا ئاماژە بە نوسینێكی Keir Rodney Starmerی سەرۆكی پارتی كرێكارانی بریتانیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە بكەین کە لە ڕۆژنامەی The Sun بڵاوی كردوەتەوە ! لێرەوە دەردەكەوێ ئەوەی لە هەگبەو قاموسی زلهێزەكان و ڕۆژئاواییەكان و ڕژێمە دیكتاتۆرو سیستمە عەلمانیەكاندا هەیە ئەوەیە كە :

–  شۆڕش دژی ستەم ڕەوایە، بەڵام ئەگەر ئیسلامیەكان سەركردایەتی بكەن نەخێر!

–  خۆسەپاندن ستەمە، بەڵام ئەگەر بەسەر ئیسلامیەكاندا بێ كێشەی نیە!

–  دیموكراسییەت و هەڵبژاردن مافە، بەڵام بەمەرجێ نەبێتە مایەی سەركەوتنی ئیسلامیەكان.

–  هەڵگەڕانەوە لە یاساو شەرعییەت كودەتایە، بەڵام ئەگەر بەسەر ئیسلامیەكاندا بێ قەیدی نیە!

–  دەربڕینی ڕاوبۆچوون و ئازادی ڕادەربڕین ڕەوایە، بەڵام بۆ ئیسلامیەكان نەخێر!

–  ئەوانەی لەسەر ڕاوبۆچوونی سیاسیی گیراون ستەملێكراون، بەڵام ئەگەر ئیسلامیەكان بوون نەخێر!

 

پێنجەم / ساڵی 2021 دوای شكستی سەربازیی ئەمریكا و ڕووخاندنی حكومەتە كارتۆنیەكەی (ئەشرەف غەنی) لە كابول و گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا، مەكینەی ئیعلامیی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و میدیای عەرەبی و ناوچەكە بەگشتی هەڵمەتێكی گەورەی ناشرین و قێزەونیان دژ بە تاڵیبان و دەسەڵات و ئایدۆلۆژیاكەی دەستپێكردو ئەوانیان بەشوانی شاخەكان و كەسانی بەربەریی و بێ عەقڵ و بێ ئاگا لە سیاسەتی جیهانی و ناشارەزا لە سیاسەت و فیكرو ئابووریی و زانست و سەردەم لە قەڵەم دەدا! ئێستاش دوای سەركەوتنی شۆڕشە ئیسلامیەكەی سووریا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەوتێكی چەكداریی ئیسلامیەوە مێژوو دووبارە دەبێتەوە و هەمان قەوانە لێ دەدرێتەوە و هەمان مەكینەی ئیعلامی دژ بەو دەسەڵاتە ئیسلامیە گەرم كراوە كە كەناڵە ئاسمانیەكان و میدیا عەرەبیەكانی (محمد بن سەلمان)ی سعودیە و (محمد بن زایدی ئیماراتی عەرەبی ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن، كە بەداخەوە لە كوردستانیشدا كەسانێكی بەناو نوسەرو قەڵەم لەرزۆك و ڕووناكبیری ساختە و كۆڵەوار لە سیاسەت هەمان ڕۆڵیان لە ئەستۆگرتووە!

 

شەشەم / ئازادكردنی سووریا و ڕووخاندنی ڕژێمێكی داپڵۆسێنەری (61) ساڵ تەمەن، پەردەی لەسەر زۆرێك لە ڕاستیەكان هەڵدایەوە و گەلانی ناوچەكەی وریا و بەئاگاهێنایەوە لە پڕۆژەیەكی ساختە كە دەیان ساڵە بازرگانی بە پرسی فەلەستینەوە دەكات و ڕای گشتی عەرەبی و ئیسلامی فریو دەدات، ڕووخاندنی بەشار ئەسەد كۆتایی بە پڕۆژەی بەشیعەكردنی وڵاتانی ناوچەكە هێنا، كۆتایی بەپڕۆژەیەك هێنا كە سووریای کردبووە وڵاتی سەرەكی بەرهەم هێنەرو ڕەوانەكەری مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتان و جیهان بەگشتی! دیارە كۆتایی هێنان و هەڵتەكاندنی پڕۆژەیەكی ئیقلیمیی گەورە و زەبەلاحی لەوجۆرە كە زۆرێك لە دەسەڵات و ڕژێم و هێزە لۆكاڵیەكانیش لێرەو لەوێ لە پەنایدا سەریان نابوویەوە و خۆیان حەشاردا بوو و ئاوات و ئامانجی جیاجیایان لەسەر هەڵچنیبوو ترساندو ڕاچڵەكاند!

پێگەی كورد لە دوای گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا
پێت پێگەی كورد لە دوای گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا
پەرلەمانتارێکی ئێران: بەهای دراوی هەژارترین وڵاتی ئەفریقاش وەک تمەن دانەبەزیوە
دوات پەرلەمانتارێکی ئێران: بەهای دراوی هەژارترین وڵاتی ئەفریقاش وەک تمەن دانەبەزیوە
پەیوەنیدر