لە سەردەمی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیادا، خاوەندارێتی مۆبایلە زیرەکەکان و پەیوەندیکردن بە ئینتەرنێتەوە بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵان، تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا، سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە ئەم ئامێرانە بۆ فێربوون و کات بەسەربردن دەڕەخسێنن، بەڵام لەوانەیە هەڵگری مەترسی جددی بن کە هەڕەشە لە منداڵان بکەن لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، بە تایبەت کە بەر ناوەڕۆکی نەگونجاو و پڕ توندوتیژی گۆشکراون کە دوورە کە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان.
لە دیارترین ئەو مەترسیانە ژینگە ئەلکترۆنییەکان و ئەپڵیکەیشنی پەیوەندییە باوەکان دروستی دەکەن، کردنەوەی دەرگا شاراوەکانە، کە ڕەنگە لەلایەن کەسانی نامۆوە بقۆزرێنەوە، ئەمەش پێویستی بە چاودێری و هۆشیاری بەردەوام هەیە لەلایەن دایک و باوکەوە.
لە خوارەوە پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن دەکەین کە پێویستە منداڵان ئاگاداربن بەکاریان نەهێنن:
1- جیهانی ئەلکترۆنی “ڕۆبلۆکس”
ڕۆبلۆکس یەکێکە لە یارییە بەناوبانگەکانی جیهان، کە ژینگەیەکی دروستکراو نیشاندەدات و ملیۆنان بەکارهێنەر کۆدەکاتەوە.
کێشەی یارییەکە ئەوەیە کە منداڵان دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ گەورەساڵانی نامۆدا ببەستن و پێکەوە یاری بکەن، ئەمەش مەترسی ڕاکێشانیان بۆ پلاتفۆرمی پەیوەندییەکانی دیکە دەخاتەڕوو. هەروەها هەندێک بەشەکانی یارییەکە ناوەڕۆکی گەورەساڵان و دیمەنی توندوتیژی و دزی و کوشتنی تێدایە کە گونجاوی تەمەنی منداڵەکەت نییە.
لەبەرئەوەی یارییەکە یاسای توند بەسەر ناوەڕۆکدا ناسەپێنێت، ئەرکی دایکان و باوکانە چاودێری چالاکییەکانی منداڵەکانیان بکەن و ڕێنمایییان بکەن لە دوورکەوتنەوە لێی، ئەمە جگە لەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ یاریکردن دانەنراوە بۆ ئەوەی لەکاتی زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیان خۆویستانە دابخرێتەوە.
چەندین وڵات بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە گونجاوی ناوەڕۆکەکەی بۆ منداڵان ڕێوشوێنیان لە دژی “ڕۆبلۆکس” گرتبووەبەر.
تورکیا لە مانگی ئابی ساڵی 2024دا چوونە ناو یارییەکەی قەدەغە کرد، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوت کە دەتوانرێت بۆ ئیستغلالکردنی منداڵان بەکاربهێنرێت.
هەروەها ئوردن و عومان و ئیمارات “رۆبلۆکس”یان قەدەغە کرد بەهۆی نیگەرانی لە زمانی قێزەون و ساختەکاری و هاککردن، ئەمە جگە لەوەی ناوەڕۆکێکی نەگونجاو بۆ منداڵان.
بەلجیکا و هۆڵەندا یارییەکەیان سنووردار کرد.
2- “تیک تۆک” جیهانێکی ناپارێزراوە بۆ منداڵان
تیک تۆک ئەپێکی سەرنجڕاکێشە بۆ کورتە ڤیدیۆکان، بەڵام ئەگەر بە وریاییەوە بەکارنەهێنرێت دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی زیانبەخش.
سەیرکردنی کلیپەکان بە خێرایی لەوانەیە ببێتە هۆی ئالوودەبوون، هەروەها ئەپلیکەیشنەکە پاڵ بە منداڵانەوە بنێت بۆ بەشداریکردن لە جۆرە قومارێکی مەترسیدار بۆ کۆکردنەوەی خاڵەکان و بەدەستهێنانی قازانجی دارایی.
توێژینەوەیەک کە لەلایەن سەنتەری ئەمریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی ئەنجامدراوە دەریخستووە، کە بڵاوکراوەکانی نێو تیک تۆک ڕەنگە پێشنیاری ناوەڕۆکی زیانبەخش بکەن.
توێژەران ئەکاونتی ساختەیان بۆ هەرزەکاران لە سێ وڵات دروستکرد و کاتێک کارلێکیان لەگەڵ کلیپەکاندا کرد، بۆیان دەرکەوت هێزی خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ توندوتیژی لەنێویاندا زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە ناوەڕۆکی پەیوەست بە زیانگەیاندن بە خۆ 12 هێندە لەئاکامی بەکارهێنانی تیک تۆک دا.
چەند وڵاتێک ڕێوشوێنیان لە دژی “تیک تۆک” گرتووەتەبەر: مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی ئوسترالیا یاسایەکی دەرکرد، بەپێی یاساکە منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، لەنێویاندا تیک تۆک، قەدەغە کرا بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی دەروونی و جەستەیییان.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2023، نووسینگەی کۆمیساری زانیاری بەریتانیا 1 ملیۆن و 207هەزار پاوەند غەرامەی بەسەر تیک تۆکدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی ڕێگەی بە منداڵانی خوار تەمەنی 13ساڵ داوە بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوک، پلاتفۆرمەکە بەکاربهێنن.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، کۆمیسیۆنی پاراستنی زانیارییەکانی ئێرلەندا بە بڕی 345 ملیۆن یۆرۆ غەرامەی بەسەر تیک تۆکدا سەپاند بەهۆی پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە پاراستنی نهێنی منداڵان، بەتایبەتی سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی تەمەن و ڕێکخستنەکانی پاراستنی نهێنی.
3- سناپچات و نامەی شاراوە
سناپچات بە بەرنامەیەکی ناپارێزراو دادەنرێت بۆ منداڵان، چونکە تایبەتمەندییەکی تێدایە کە ئاسانکاری بۆ منداڵان دەکات.
دیارترین مەترسی تایبەتمەندی “پەیامی شاراوە”یە کە دوای ناردنی نامێنێت، ئەمەش وا دەکات بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی هەراسانکردن یان سووکایەتیکردن قورس بێت.
هەروەها تایبەتمەندی “زیادکردنی خێرا” ڕێگە بە منداڵان دەدات بەبێ ئاگاداری خۆیان کەسانی نامۆ زیاد بکەن، ئەمە جگە لە تایبەتمەندی “دیاریکردنی شوێنی جوگرافی” (Snap Map) کە ڕەنگە منداڵەکە بخاتە بەردەم مەترسی گەورەوە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە بەرنامەکە هەندێک تایبەتمەندی سەلامەتی بۆ پاراستنی منداڵان دابین دەکات، وەک “سەنتەری خێزان”، کە دایک و باوکان دەتوانن ئەکاونتەکانیان بە ئەکاونتی منداڵەکانیانەوە ببەستنەوە بۆ بینینی لیستی هاوڕێکانیان و چالاکییەکانی ئەم دواییە. هەروەها تایبەتمەندی “Ghost Mode” هەیە بۆ شاردنەوەی شوێنی بەکارهێنەر، هەروەها تایبەتمەندی “Restrict Adult Contact” هەیە، کە ڕێگری دەکات لە زیادکردنی منداڵان بەبێ هاوڕێی هاوبەش.
4- “کیک” و نەبوونی کەرەستەی کۆنترۆڵ
ئەپڵیکەیشنی کیک ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لەگەڵ کەسانی دیکە چات بکەن بەبێ ئەوەی ناسنامەکانیان ئاشکرا بکەن، ئەمەش وایکردووە شوێنێکی لەباربێت بۆ هەراسانکردن و ئیستغلالکردن.
ئەپلیکەیشنەکە پەیوەندی بە چەندین حاڵەتی بەرکەوتنی ناوەڕۆکی نەشیاوەوە هەیە، جگە لە بەکارهێنانی لەلایەن ساختەکارانەوە بە ناسنامەی ساختە هەوڵدەدەن پارە یان زانیاری کەسی بەدەستبهێنن.
بەهۆی نەبوونی ئامرازی بەهێزی کۆنترۆڵکردنی بۆ ڕێگریکردن لە ڕەفتاری نایاسایی، ئەپلیکەیشنەکە بە مەترسی بۆ سەر منداڵان و هەرزەکاران دادەنرێت.
ئەم ئەپڵیکەیشنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی بەرفراوان بووەوە بەهۆی بەکارهێنانی لەلایەن گەورەکانەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و هاوبەشکردنی ناوەڕۆکی نەشیاو.
لای خۆیەوە ئەو ڕێکخراوانەی کە پەیوەندییان بە سەلامەتی منداڵانەوە هەیە، وەکو ئینتەرنێت ماتەرز، ڕێنماییان دەرکردووە کە هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی کیک بۆ منداڵان بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە پەیوەندییان پێوە هەیە، لەوانە بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی نەشیاو و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ.
5- “ئەپی Whisper” و هاوبەشیکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ
ئەپی Whisper ڕەنگە زانیارییە کەسییەکان بەهۆی لاوازییە ئەمنییەکانەوە تووشی دزەکردن بن.
هەروەها ئەپەکە داوا لە بەکارهێنەران دەکات کە شوێنی جوگرافیای خۆیان ئاشکرابکەن، بۆ ئەوەی گروپ یان هاوڕێیان لە هەمان ئاستدا بدۆزنەوە، ئەمەش مەترسی قسەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆی نەناسراو زیاد دەکات. پۆستکردنی بێناو لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵان زانیارییە کەسییەکانیان زیاد لە پێویست هاوبەش بکەن، بەبێ ئەوەی درک بە دەرئەنجامە ئەگەرییەکان بکەن.
لە ساڵی 2020 ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکی دزەپێکردنی داتای بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنی “Whisper”ی ئاشکرا کرد، لەوانەش زانیاری شوێن و بەرژەوەندی کەسی، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پاراستنی نهێنی و ئاسایشی بەکارهێنەران و بەتایبەتی منداڵانی لێکەوتەوە.
هەروەها ڕێکخراوەکانی وەک Cyber Safety Cup هۆشداری دەدەنە دایک و باوکان سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی منداڵان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەپلیکەیشنەکە ڕێگە دەدات بە ئاشکراکردنی ناوەڕۆکەکان بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان بڵاوبکەنەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵان بەر ناوەڕۆکی نەگونجاو یان پەیوەندی لەگەڵ کەسانی نامۆدا بکەوێت.
لە کۆتاییدا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەترسییە زۆرانەی کە پەیوەندییان بە بەرنامەکانی ئینتەرنێتەوە هەیە، ڕۆڵی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا سەبارەت بە ڕێگاکانی بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی سەلامەت، بە سەرەکی دەمێنێتەوە.
پێویستە دایک و باوک چاودێری ئەو بەرنامانە بکەن کە منداڵەکانیان بەکاریدەهێنن، سنوور و کات بۆ بەکارهێنانی دابنێن، جگە لە بەکارهێنانی تایبەتمەندییە ئەمنییەکانی بەردەست لە هەر بەرنامەیەکدا.