ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دواخستنی جێبەجێ کردنی یاسای “پاکیزەیی و باڵاپۆشی”ی ڕاگەیاند، کە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا و غەرامە و زیندانی بەسەر ئەو کچانەی کە باڵاپۆش “حیجاب” ناپۆشن دەسەپێنێت.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی “ئێران ئینتەرناشناڵ” کۆماری ئیسلامی دوای کاردانەوەی توندوتیژیی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەرمی جێبەجێکردنی یاسای مشتومڕاوی باڵاپۆشی، کە سزای توند بەسەر ژنان و کچانی سەرپێچیكار لە مەرجەکانی باڵاپۆشی سەپاندووە، دواخست.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، داوای “ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی و پاکیزەیی دەكات تا ئەو کاتەی حکومەت بتوانێت پڕۆژە یاسای هەموارکراو پێشکەش بە پەرلەمان بکات”.
لەو چوارچێوەیەدا عەلی ڕەبیعی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی “X” ڕایگەیاند کە “سەرۆک مەسعود پێشەشکیان “جێبەجێکردنی یاسای پاکیزەیی و باڵاپۆشی”ی خستۆتە کارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، و پێی وایە ئەوە كارێكی پێویستە بەهۆی لێکەوتەی کۆمەڵایەتییەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هونەرمەندی بەناوبانگ (پەرەستوو ئەحمەدی) دەستگیركرد، دوای ئەوەی بە جلی نەگونجاو و بەبێ باڵاپۆشی گۆرانی پێشكەش كرد، ئەمەش وەک سەرپێچی دانرا لە یاسا توندەکان کە لەلایەن حکومەتەوە سەپێندرابوو، دوو ئەندامی تیپەکەیشی دەستگیرکران، پێش ئەوەی ڕۆژی یەک شەممە ئازادبکرێن.
مەسعود پێشەشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند “پێش سەپاندنی یاسای نوێی باڵاپۆشی، پێویستە گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی بەها ئایینییەکانمان بپارێزین و زیان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە نەگەیەنین”.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی دا2023، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد، کە سزای زیندانیکردن و غەرامەکردنی ژنان و کچانی پێشێلکاری یاسای توندی جل و بەرگ زیاد دەکات.
ئەوانەی جلوبەرگی “ناشایستە” لەبەردەکەن، ڕووبەڕووی 10 ساڵ زیندان دەبنەوە و ئەوانەی یاسا دەشکێنن دەتوانن “جەڵد”یان لێبدرێت و تا 360 ملیۆن تمەن غەرامە بکرێن، واتە زیاتر لە 8 هەزار و 500 دۆلار. هەروەها ڕووبەڕووی سنووردارکردنی گەشت و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت دەبنەوە.
نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی خۆی لە پەسەندکردنی یاسای ناسراو بە “باڵاپۆشی و پاکیزەیی” لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە دەربڕی، کە سزای زیندانیکردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و غەرامەی قورس بەسەر ئەو ژنان و کچانەدا دەسەپێنێت، کە باڵاپۆشی “حیجاب” لەبەر ناکەن.