نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێربڵاویکردووەتەوە: لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە ئەندازیاران ئامادەی بوون، لە ڕێگەی داتا شۆوە چوار سیناریۆی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر خرانەڕوو و شیكرانەوە.
باسی لەوەشکردووە: ئامانج لە دووبارە ڕێكخستنەوە سەنتەری شاری هەولێر بۆ بەدیهێنانی سەنتەری شارێكی كارا و پڕ جووڵەیە بۆ ژیان و بەركارهێنان و چالاكیی بازرگانی و كولتووری و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و ناساندنی لایەنی مێژوویی و ڕۆشنبیری، هەروەها خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و باشترکردنی ژینگە و پیادەڕۆیی و بایسكل و بینین و كەمكردنەوەی جەنجاڵی ئۆتۆمبێڵ و ژاوەژاو و چەندین بواری دیكەش تێیدا ڕەچاو دەكرێن.
ئەوەشی وتووە: لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر كاركردن لەسەر یەكێك لە سیناریۆكان كرایەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی وردتر بکرێت بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکان.