فابریکە کردنی ئەحمەد ئەلشرع



سەردار عەزیز  –  مامۆستای زانکۆ

سەرکردەناسی زانستێکی بەرفراوانە، هەندێک پێیان وایە کەسێک وەک سەرکردە لە دایک دەبێت، تیۆرەی تر پێی وایە سەرکردە دروستدەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردە دروستدەکرێت، دیارە پێناسەی سەرکردە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر جیاوازە، بۆ نمونە لە هەندێک کەلتوردا سەرکردە ئەوەیە کە کاری گەورە دەکات، لە هەندێک کەلتوری تردا ئەوەیە کە ڕێگا دەدات بە ئەوانیتر هەتا کاری گەورە بکەن.

لە کەلتوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەلتوری سەرکردە، کەلتورێکی دڕندانەی، بە زۆری خەڵک بڕوایان وەهایە کە سەرکردە دەبێت ئەو کەسە بێت کە زۆربەی هێزەکان لە دەستی ئەودایە، نەیارەکانی لە ناو دەبات و کاری گەورە دەکات، ئەمە لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک، لە ئاگایی خەڵکی ئاسایی، لە تاریکایی کەلتوری ناوچەکەدا زۆر بە خەستی بۆنی دێت.

سەرباری ئەم کەلتورە دواکەتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، ئەویش توانای تەکنەلۆجیا و میدیا و دەوڵەمەندبوونی زانستەکانی وەک دەرونناسی، پەیوەندی و مێشک، کە چۆن وێنا و تێگەیشتن و هالە و ئەفسانە بۆ کەسەکان بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگای چنین و بڵاوکردنەوەی وێنا و دید و بەردەوام دووبارەکردنەوەی، ئەمە باسی بوونی سوپایەک لە ماستاوچی و ڕاوێژکار و زەبابیک ناکەم.

ئێستا ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککراوی سوریا لەم دۆخەدا دەژی، وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر پێویستیان بەوەیە کە ئەم کەسە بەسەر کایەی سیاسی سوریادا زاڵبێت، لەم ڕووەوە هەموو میدیا و ناوەند و سەرمایەکانیان خستوەتە کار، شەرع بە تەواوی ڕاهێنراوە و شێلراوە، سەرلەنوێ ئامادەکراوەتەوە.

تەنانەت وەک ئەحمەد مەنسور دەڵێت، کاتێک دەستیان بەم پرۆسەیە کرد، ئەو هەندێک قەڵەوبوو، بۆیە بۆ چاوی خەڵکی باش نەبوو، بۆیە دەبوو کێشی خۆی دابەزێنێت، نەک لەشولاری و جلوبەرگی کە بەلای خەڵکی سادەوە زۆر گرنگە، بەڵکو لە شێوازی قسە و باری دەرونی و چۆنێتی پەیوەندیکردندا ڕاهێنانی زۆری پێکراوە.

ئەمە لە کاتێکدا خۆی ئامادەکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە چەندین کەناڵ و ناوەند و کەسایەتی و پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ بونیادنانی ئەفسانە و وێنا و حەکایەت و نەرەتیڤی زۆر دەربارەی هەتا هەموو ئەوانی تر لەناو کایەی سیاسی سوریادا پەراوێز بخات.

میدیای کوردی کە خۆی بە ئاگایی و بێئگایی ئامادەیە بۆ دیکتاتۆر دروستکردن کەوتەوەتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەپوتۆزی تیادا دەکات، دیارە دەبێت لەو ڕوانگە ستراتیژییە بگەین، کاتێک ناوەندەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیانە، ئەوا ناتوانن دەزگا دروستبکەن، بەڵکو ئاسانتر و سودمەندانەترە کە کەسێک بەرهەم بهێنن، لە هەمانکاتدا خەڵکی ناوچەکە و کەلتورەکەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کەسێک وەک کاریزما و خاوەن توانای بان-مرۆیی، لەوەی بیر لە دەزگا یان ناوەند بکاتەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات.

دیارە هەندێک دەڵێن کە خەتای خەڵک نییە، بەڵکو خەتای نوخبەیە، هەڵەی ئەم دیدە لەوەدایە کە نازانێت کە خەڵک نازانن کە دژ بە خۆیانن، لە سوریا باری دەرونی زۆرێک لە سوننە ئامادەیە بۆ تۆڵە، خۆزاڵکردن، غرور و هەبونی ماف و حەق، هەموو ئەمانە زەمینەن بۆ هاتنی دیکتاتۆرێکی تر.

دیارە هەندێک بنەما هەیە کە دیکتاتۆریەت دەکات بە ناچاریی، بۆ نمونە ئەگەر سوننەی عێراق بیانەوێت وەک سوننە حوکمی عێراق بکەن، تەنها دەبێت لە ڕێگای دیکتاتۆرێکەوە بیکەن، ئەمە بوو کە سیستانی بە پێچەوانەی برێمەر پێداگریی لە سەر دیموکراسیی کرد، چونکە دیموکراسی یانی زۆرینە و زۆرینە یانی شیعە. ئەمە بۆ عەلەوی سوریاش ڕاستبوو.

سوریا لە ئەدیب شیشکلییەوە هەتا خێزانی ئەسەد تەنها دیکتاتۆری بینیوە، ئێستا هەتا بەرەوە دیموکراسیی بڕوات پێویستی بە ڕێنمایی ناوەندی جیاوازترە لە قەتەر و تورکیا، کە دوو ناوەندی تیرۆرن لە ناوچەکەدا.

 

ئیسڕائیل: هیچ پاساوێك نیە بۆ دوژمنكاری توركیا بەرامبەر بە كورد
پێت ئیسڕائیل: هیچ پاساوێك نیە بۆ دوژمنكاری توركیا بەرامبەر بە كورد
کار بۆ ڕێکخسنتەوەی سەنتەری شاری هەولێر دەکرێت
دوات کار بۆ ڕێکخسنتەوەی سەنتەری شاری هەولێر دەکرێت
پەیوەنیدر