سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپای وڵاتەکەی ڕاسپارد تا کۆتایی ساڵی 2025 لەو ناوچانەی خاکی سووریادا بمێننەوە کە ئێستا دەستیان بەسەردا گرتوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران، سوپای وڵاتەکەی ڕاسپاردووە لە جەبەل شێخ و ناوچەی دابڕی نێوان ئیسرائیل و سووریا بمێننەوە و لانیکەم تا کۆتایی 2025 نەکشێنەوە.
دوێنێش نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لە جەبەل شێخ ئەنجامداوە و تێیدا هەریەک لە ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و هێرتسی هالیڤی، سوپاسالار و فەرماندەی فەرماندەیی باکووری ئیسرائیل لەگەڵ نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری شاباک بەشداربوون.
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ هەر هەنگاوێکی ئەمنیی پێشبینیکراو، ئەنجام دراوە.
پێشتریش سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندبوو کە بە چڕی چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەن، بە تایبەتیش جەبەل شێخ کە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت.