بەهرۆز جەعفەر – شارەزای سیاسی
دیکتاتۆر بارووت و سەربازی دەوێت، بانگەشەی درۆی حەز لێیە، ئەوەندە میدیای دەوێت کە فەزای گشتی بۆگەن بکات و سەرقاڵیان بکات بە شتی پڕوپووچ و هەواڵی چالاکییە سواوەکانی ڕۆژەوە.
زۆربەی دیکتاتۆرەکان ئەقڵیەتی “خێڵ” و عەشیرەتیان هەیە، ڕاستە خێڵ و عەشیرەت و خزمایەتی و بەها و لێبوردەیی گرینگن، بەڵام ئەقڵییەتی خێڵ هەرگیز بۆ حوکمداریی نابێت، چونکە خێڵ و دیکتاتۆرەکان ڕقیان لە دامەزراوە “موئەسەسات”ە، دوژمنی ئەقڵ و پڕۆژە و پێشنیارن.
وڵات بە بێ دامەزراوە و ئەقڵ دەبێتە چ دارستانێکی ترسناک! ئەگەر بێت و پێشنیاری ئەقڵانی و ڕێگەی بەهێز بخەیتەڕوو، بەگوومانەوە لێت دەڕوانن، بە کەناڵی جیاجیا چاودێریت دەکەن، بە مەترسیت دەزانن، چۆن دەبێت کەسێک “ئاقڵ” بێت و هەندێ جموجوڵ بکات و بەشێک نەبێت لە ئێمە!
سەیری بکە، ساڵی ١٩٨٣ کاتێک هونەرمەندەکە پەیکەرە بەناوبانگەکەی “مۆنۆمێنتی شەهید”ی لە بەغدا درووستکرد، لەسەردەمی خۆیدا بێوێنە بوو لە ناوچەکەدا، هونەرمەند یەک کاتژمێر باسی ئەم هەوڵەی بۆ “سەدام حوسێن” کرد، کە بووەتە یەکێک لە هێماکانی بەغدا و چەندە کاریگەر و شارستانییە و لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە، سەددام پێی وت “جاچییە… بارووت دروستدەکات؟”، ئەو کە دیکتاتۆرە، بارووت و چەکی دەوێت تا بەرگریی لەخۆی پێ بکات نەک ئاڵا و نیشتیمانەکەی، تۆ هاتویت پەیکەر و هونەری چی شەرح دەکەی؟
دیکتاتۆر هیچ کات گەلەکەی بۆ گرینگ نییە، تەنها خۆی، لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە حیزب یان چەند کەسێک لە بنەماڵە یان عەشیرەتەکەی پێ گرینگ بێت، لەوە بترازێت مرۆڤ هیچ بەهایەکی لای ئەو نییە، ئەو سامانی وڵات هەمووی بە موڵکی خۆی دەزانێت، نێرجسییە و تەنها دڵی لەخۆی چووە، وەک ئەوەی بینیتان بەشار ئەسەد ئامێری دانا بوو بۆ پرێس کردنی مرۆڤ، بە زیندوێتی دەیبردنە ژوورەوە وەکو پارچە تەختەی ڕێک دەیهێنانە دەرەوە!
خەڵک لای ئەوانە گرینگ نییە تەنها خۆیان نەبێت، هەموو شوێنێکی نیشتیمان دەکەن بە قوربانی بۆ گەڕەک و عەشیرەت و بەردەرگاکەی خۆیان.
جا بۆیە ئەگەر تۆ بیردەکەیتەوە، ئەگەر ڕەخنەت هەیە، ئەگەر بڕوانامەت هەیە، تێگەیشتن و ڕوانگەت هەیە، دەبێ بە ئاگابیت، بزانیت لە کوێیت ئنجا قسە بکەیت!