هەردوو دارایی هەرێم و عێراق لەسەر پرسی مووچە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێككەوتن و ئەمڕۆ بڕێك لە پارەی مووچەی مانگی 11 گەیشتە هەرێم و پەرلەمانتارێك دەڵێت: سودانی گەرەنتی دا كە مووچە نافەوتێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم چوونە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوە و تیایدا لەسەر 5 خاڵ ڕێككەوتن و بڕیار درا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 و خەرج كردنی مووچەی مانگی 11 و پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، ئەمڕۆش وەك گوژمەی یەكەم زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 11 گەیشتە هەرێم و بڕیارە بەشی دووەمیش بدرێتە هەرێم و دوای دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 لە عێراق پارەی ئەو مانگەش بدرێتە هەرێم.
دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق مووچەی مانگەكانی 11 و 12 نافەوتێت، بەڵام كاتی دابەشكردنەكەی نادیارە و ئەوەش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ڕاشیگەیاندووە، لە دوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەرەنتی دا كە مووچە نافەوتێت، بەڵام گرنگە هەرێم و بەغداد پابەندی ڕێككەوتنەكان بن و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
لای خۆشیەوە، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بەشێکی دیکەی پارەی مووچەی مانگی تشرینی دووەم بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام کورتهێنانی گەورەی هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ مووچە.
وتیشی، “هەوڵ دەدەن لە ڕێی گواستنەوە لە پشکی بودجەی هەرێمدا کێشەی کورتهێنانەکە چارەسەر بکەن”.
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ش بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وردبینییە.