حكومەتی عێراق بوونی براكەی بەشار ئەسەد بەناوی “ماهر ئەسەد” لەناو خاكی وڵاتدا ڕەتدەكاتەوە و وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا بە هیچ شێوەیەک ڕووی لە شاری سلێمانی نەکردووە، سلێمانیش کەسێک حەشار نادات کە پاشەڵی وا پیس بێت.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،”هەر کەسێک بیەوێت بە پیادەڕەوی لە سووریاوە بێتە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە ناو هەولێردا یاخود بەناو عێراق دا بێتە سلێمانی، خۆ سلێمانی لەسەر سنوری سووریا نییە.”
دەشڵێت،”فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی دیمەشق دا کراوە نییەو سلێمانی لەسەر دەریاش نییە، ئیتر چۆن دەتوانرێت لە سووریا وە کەسێک بێتە سلێمانی، بۆیە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاتنی ماهر ئەسەد بۆ سلێمانی دەستی سیاسی لە پشتە.”
ماهر ئەسەد فەرماندەی پاسەوانی کۆماری و فەرماندەی فیرقەی چواری زرێپۆشی سوپای سووریا بوو، تۆمەتبار دەکرێت بە کوشت و بڕکردنی خەڵکی سووریا و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە تایبەت حەبی جۆری کاپتاگۆن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17 ی مانگی 12 ی 2024، بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، گوایە دوای هەڵهاتنی لە سووریا وە بەرەو عێراق، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا ڕووی لە شاری سلێمانی کردووەو لەوێشەوە ڕۆیشتووەتە شاخی قەندیل ی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە.
سەعدی پیرە وتی،”نە کەس هاتووە بۆ سلێمانی، نە سلێمانیش کەسێکی پاشەڵ پیسی وەکو ماهر ئەسەد حەشار دەدات.”
ئەو وتیشی،”زۆر جار کاتێک ناوچەکانی سلێمانی بۆردومان دەکرێت پاساوی بوونی پەکەکەو تیرۆر دەهێنرێتەوە، هەموو ئەمانە درۆ و دەلەسەن.”
هاوشێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەتیدەکەنەوە ماهر ئەسەدی برای سەرۆکی پێشووی سووریا ڕووی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان لە شاخی قەندیل کردبێت.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی پەکەکە لە بارەی رۆیشتنی ماهر ئەسەد بۆ چیای قەندیل، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،”ئەو بانگەشانەی گوایە دوو کەس لە کاربەدەستانی رژێمی پێشووی سووریا لە قەندیل پەنا دراون، بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە، ئەمە وەکو شەڕی دەروونی دژ بە گەلی کوردستان هەڵدەسەنگێنین.”
ئەو وتیشی،”ئەم بانگەشەو هەواڵە دەستکردو فەیکانە نەک لەگەڵ واقیعی سیاسی و جوگرافی عێراق و باشوری کوردستان یەک ناگرنەوە، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی زەمینەیە بۆ دەستوەردان و نانەوەی ئاژاوەو پشێوی.”
ڕۆژی 7 ی مانگی 12 ی 2024، ژمارەیەکی زۆر سەربازی سوپای سووریا لە ڕێگەی دەروازەی سنوری قائیمەوە سووریا یان بەجێهێشت و چوونە نێو خاکی عێراقەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵهاتنی ماهر ئەسەد بۆ سلێمانی و ڕۆیشتنی بەرەو چیای قەندیل لە کاتێکدایە، پێشتر بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە گوایە ماهر ئەسەد لە عێراقەوە رۆیشتووەتە ئێران و لەوێشەوە بەرەو روسیا بەڕێکەوتووە.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند،”ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی ماهر ئەسەد لەناو خاکی عێراق بێ بنەمان.”
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داواشی لە میدیاکان کرد، وردبین و وریا بن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری.
دروستبوونی مشت و مڕ لەسەر شوێنی خۆ حەشاردانی ماهر ئەسەدی برای سەرۆکی پێشووی سووریا لەکاتێکدایە، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و خێزانەکەی لە وڵاتی روسیان، بەڵام هێشتا شوێنی خۆ حەشاردانی ماهر ئەسەد ئاشکرا نەبووە.