جگە لەبوونی لەپلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دا، ناوی ئەو لەسەر زەوی و تەنانەت بۆشایی ئاسمانیشدا، دەنگی داوەتەوە .
ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بەدوای ئەوەدایە بەچیپێکی ئەلیکترۆنی بچێتە ناو مێشکی مرۆڤەوە، ئەمڕۆ لەهەر کاتێک زیاتر پێشبینی دەکرێت کە کایەی کاریگەری و “بلیمەتیی” ئەو، بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە بکات، دەتوانرێت بڵێین لەساڵی ٢٠٢٥دا بلیمەتیی و داهێنانەکانی دەگاتە ئاستێکی بێ وێنە.
لەکاتێکدا جیهان زیاتر بەرەو جیهانی ئۆتۆمبێلی خۆکار و ڕۆبۆتیک و بۆشایی ئاسمان و زیرەکی دەستکرد دەڕوات، کە بوارێکی سەرنجڕاکێشن بۆ ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک، ئەو پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە، هەر ئەم نزیکی و پشتیوانییە وایکرد ببێتە کەسی دیاریکراو لای ترەمپ تا بیکاتە وەزیری وەزارەتی کارایی حکومەتەکەی.
ئیستا شارەزایان پێیان وایە ئەگەر هەر کەسێک بەدوای سوودمەندبوون لەقازانجی بازاڕی بۆرسەدایە لەماوەی ساڵی داهاتوودا، پێویستە ڕێبازی ئیلۆن ماسک پەیڕەو بکات.
ماسک پلانە گەورەکانی بۆ خستنەبازاڕی ئۆتۆمبێلی “تەواو سەربەخۆ” لەڕێگەی مۆدێلی “سایبەرکاب”ەوە، ئاشکرا کرد، دیدگای ماسک ئێستا ئەوەیە کە کۆمپانیاکەی ڕۆبۆتەکسی بەڕێوەببات بۆ گواستنەوەی خەڵک بە شێوەیەکی سەربەخۆ.
لەکۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا هەواڵەکان دزەیانکرد، کە ئیدارەی ترەمپ بیر لەسووککردنی سنووردارکردنی ڕێکخراوەیی بۆ ئۆتۆمبێلی خۆکار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگاکە بۆ کۆمپانیاکانی وەک تێسلا بکاتەوە و بەرهەمەکانی بە هەمووان بگات.
ماسک، سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی ڕۆبۆتێکە بە ناوی “ئۆپتیموس”، کە شارەزایان پێیان وایە بەنرخترین بەرهەمی کۆمپانیاکەیەتی، بەم شێوەیە پێشبینی دەکرێت هەندێک یاسا بێنە ئارا، کە پەرە بەوەرگرتنی ڕۆبۆتەکان بدات.
ناوبراو لەمانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو؛ “ئۆپتیموس” دەتوانێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەرکەکانی لەکارگەکاندا ئەنجام بدات، ڕەنگە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئامادە بێت بۆ فرۆشتن.
لەپۆستێکیشدا لەسەر “X” باسی لەوەکردووە کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی “هیواخوازن” لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕۆبۆتی بەرهەمهێنان بۆ کۆمپانیاکانیان دەستبخەن.
جگە لە “تێسلا”، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، بە ئیمپراتۆریەتی زەبەلاحی کۆمپانیاکانیەوە، لەڕێگادایە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم تریلیۆنێری جیهان، لەئێستاوە زۆر هیوای هەیە بە “SpaceX” کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتە بۆ گەشتی بۆشایی ئاسمان.
لەچەند ساڵی داهاتوودا، پێدەچێت بەهۆی هەوڵەکانی “SpaceX”پاڵنەرێک ببینین بەرەو زیادبوونی گەشتکردن و گەڕان بە بۆشایی ئاسماندا.