لینزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا لە حزبی كۆمارییەكان داوا دەكات توركیا هێرشەكانی بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بوەستێنێت و دەشڵێت: ئەوە مەترسی هەڵاتنی چەكدارانی داعش لە زیندانەكان زیاد دەكات.
لینزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەكان ڕایگەیاندووە، لێگەڕێن سوورییەکان حکومەتی خۆیان پێکبێنن و بڕیاربدەن وڵاتێکی چۆنیان دەوێت. بەڵام ئێمە بەرژەوەندیمان لەوەدایە رێگە نەدەین داعش بگەڕێتەوە گۆڕەپانی جەنگ.
وتیشی، “بۆ پێنج ساڵ، ئەوان لە ئەمریکا و سەرانسەری ئەورووپا تیرۆریان بڵاوکردەوە و خەڵکیان کوشت. چەکدارانی داعش ئامێری کوشتنن. دەیانەوێت ئیسلام پاڵفتە بکەن. دەیانەوێت شای ئوردن و شای سعودیە لەکارلابدەن. دەیانەوێت ئیمارات بگۆڕن بۆ دەسەڵاتێکی ئایینی. نامانەوێت ئەم خەڵکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەببەن. نامانەوێت ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکرێین.هەروەها ئەوان دەیانەوێت هاوڕێیانمان لە ئیسرائیل لەنێوببەن”.
ڕاشیگەیاندووە، 50 هەزار چەکداری داعش لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکادان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیمان لەوەدایە ئەوان لە زیندان رانەکەن و خەلافەت دانەمەزرێننەوە. من نامەوێت داعش لە زیندان هەڵبێت.
دەشڵێت: تورکیا گوشار دەخاتە سەر کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. پێویستمان بە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراوە. بەڵام ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کورد و ئەم چەکدارانەی داعش لە زیندان رابکەن، مۆتەکە دەبێت بۆ ئێمە. مۆتەکە دەبێت بۆ سووریا. مۆتەکە دەبێت جیهان. ناکرێت ئەوە ڕووبدات.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، لینزی گراهام لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە راگەیەندراوێکدا نووسی: “لە رابردوودا سزام بۆ سەر تورکیا ئامادەکردووە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی هێزە کوردییەکان بکەن، ئەوانەی لە لەنێوبردنی داعشدا یارمەتیی سەرۆک ترەمپ-یان دا. جارێکی دیکە ئامادەم هەمان کار بکەم.”
ئەم قسانەی گراهام لە كاتێكدان كە توركیا و گرووپە چەكدارە سوورییەكانی نزیكی، لە پێش و دوای رووخانی بەشار ئەسەد هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە، ئەو هێزەی كە ئەمریكا بە هاوبەشی سەرەكیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەزانێت.