ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ سەرۆك كۆماری پێشووی عێڕاق کۆبۆوە و دۆخی سووریا و پێگەی کورد لەو ناوچەیە تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەم، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح سیاسەتمەداری كورد و سەرۆك كۆماری پێشووی عێڕاق، کۆبۆوە، لە دیدارەكە باس لە گۆڕانكارییەكانی سووریا كرا، كە گۆڕانكاریی گەورەن و جیاوازیشن وەك لە ڕابردوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی عەلی باپیر، هەردوو لا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد لەبارەی ئەوە كە كوردانی خۆرئاوا چۆن سوود لە ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو وەربگرن و، لایەنە كوردییەكان بە جۆرێك مامەڵە بكەن لەم گۆڕانكارییانەدا گەلی كورد قازانج بكات.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە، باس لە ڕەوشی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنەكان و بارودۆخی هاووڵاتیان كرا و، هەردوو لا هاوڕا بوون كە ئەگەر كورد لەسەر ئەم شێوازی حوكمڕانییەی ئێستای بەردەوام بێت و، ناوماڵی كورد هەروا پەرتەوازە بێت، و دەسەڵاتداران بێخەم بن لە ئاست مووچە و بژیوی فەرمانبەران و خەڵك بە گشتی، ئەوا لە داهاتوودا میللەتەکەمان زەرەری گەورەی لێدەكات.