توێژینەوەیەکی نوێ تیشکی خستۆتە سەر کاریگەرییە تەندروستییە وێرانکەرەکان کە دەکرێت لە ئەنجامی کەم خەویەوە بێتە ئاراو، وێنەیەکی ترسناکیشی بۆ ئەو کەسانە خستووەتەڕوو کە کاریگەرییەکانی کەمخەوی لەسەریان دیارە.
زانایان کاراکتەرێکی مەجازییان بەناوی “هانا” بۆ وێناکردنی کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی کەمخەوی دروستکردووە، بە پشتبەستن بە توێژینەوە ئەکادیمییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بڵاوکراونەتەوە، باسیان لە کاریگەرییە خراپەکانی کەمخەوی کردووە لەسەر بەشە جیاوازەکانی جەستە، وەک مێشک و بەرگری لەش و ماسولکەکان و پێست و چاو و قژ.
تیمی توێژینەوەکە دروستکردنی ئەم کاراکتەرە مەجازییە بە ئامانجی ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی کەمخەوی نیشان دەدن.
لە ڕێگەی وێنەیەکی سێ ڕەهەندییەوە، نیشان دەدات کە چۆن جەستەی مرۆڤ دەتوانێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەهۆی کەم خەویەوە، بەو پێیەی هانا تووشی سووربوونەوەی چاو و چرچ و لۆچی پێست و هەڵوەرینی قژ دەبێت، ئەمە جگە لەکێشەکانی دیکەی وەک زەردوویی.
زانایان دەڵێن؛ کاریگەرییە نەرێنییەکان تەنها لە گۆڕانکاری جەستەیی سنووردار نین، بەو پێیەی “هانا” تێکچوونی بیرەوەری کورتخایەن و زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە ئازار، لەگەڵ ئازار لە شان و پشتیدا بۆ هاتووەتە پێش، هەروەها زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەبن.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە ماندوێتییەکی زۆر کە لە ئەنجامی کەم خەویەوە دروست دەبێت، (بە گریمانەیی) ڕێگری لە “هانا” کردووە لە وەرزشکردن، ئەمەش بەشداربووە لە زیادبوونی بەرچاوی کێش.
هەروەها کەمخەوی کاریگەری لەسەر ئەو هۆرمۆنانە هەبووە کە هەستی برسێتی و تێربوون کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئەمەش کێشەی زیادبوونی کێش توندتر دەکەن.
لەوەش نیگەرانکەرتر، نەبوونی جوڵەی بەردەوام بووەتە هۆی لاوازی ماسولکەکانی و وایکردووە قۆڵ و قاچەکانی بچووکتر دەربکەون.
لەمبارەیەوە دکتۆر سۆفی بۆستۆک، هاوکار لەگەڵ کۆمپانیای Bensons for Beds کردووە کە “هانا”ی دروستکردووە، دەڵێت: “لێکۆڵینەوە لەسەر گرنگی خەوی باش و بەردەوام بۆ تەندروستی مرۆڤ لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، بەڵام زۆرێک لە ئێمە درک بە کاریگەری کەمی خەوی لەسەر ڕیتمی ژیانی ڕۆژانەمان ناکەین، کە ئەرکە فیزیۆلۆژییەکانمان کۆنتڕۆڵ دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توێژینەوەکان دەریانخستووە، کەمخەوی لەماوەی درێژخایەندا ئەگەری تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی زیاد دەکات، وەک قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم ئەگەر ئەم شێوازە خەوتنە بەردەوام بێت، ئەوا دەرئەنجامە تەندروستییەکانی ڕەنگە کوشندە بن.
لە لایەکی دیکەوە لیزا ڕیچاردز، بەڕێوەبەری بازاڕکردن لە کۆمپانیای Bensons for Beds دەڵێت: “هانا” نوێنەرایەتی خراپترین سیناریۆ دەکات کە چی بەسەر کەسێکدا دێت کە جێگە و شێوازی خەوتنی خراپە .
ڕوونیشیکردەوە، هەندێک ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە نیشانە نەرێنییەکانی کەم خەوی بریتین لە: ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی ڕێکوپێک، کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوتن، بەرکەوتن بە تیشکی خۆر لە ڕۆژدا، دوورکەوتنەوە لە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان پێش خەوتن، ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان بۆ ئەوەی ژەمەکان بە باشی پێش خەوتن بخورێن.
سەرچاوە: the sun