بەرپرسێکی دیاری کورد سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت؛ پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتە کورد دەخاتە مەترسییەوە.
ماڵپەڕی ڕووسیا ئەلیەوم، هەواڵێکی پێگەی مەکانی ئیسڕائیلی بڵاویکردووەتەوە، کە گوایە بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە؛ پەیامگەلێک بە ئیسرائیل گەیەنراوە کە پاڵپشتییەکانی بۆ کورد لە سووریا زیانبەخشە و لە بەرژەوەندی “لایەنە توندڕەوەکان” و ئێراندایە.
ماڵپەڕی “ماکان”ی ئیسرائیلی ڕۆژی دووشەممە ١٦ -١٢ -٢٠٢٤ بڵاویکردووەتەوە؛ ئەو بەرپرسە کوردە هۆشداریی داوە کە لێدوانە گشتییەکانی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە کورد لە سووریا، کورد دەخاتە مەترسی لە دەستدانی پێگەی ناوچەیی خۆی.
ڕوونیشیکردەوە، ڕەنگە ئەم جۆرە لێدوانانە کورد وەک هاوکار لەگەڵ ئیسرائیل نیشان بدات، کە ڕەنگە کاردانەوەی نەرێنی هەبێت لەسەر دۆخی ئەوان لەناوچەکەدا.
ئەو بەرپرسە کە ناوی نەهێنراوە، هاوکات داوای لە کوردەکان لە سووریا کردووە ستراتیژێکی میانڕەوتر بگرنەبەر کە جیابوونەوە لەپارتی کرێکارانی کوردستان و بەشداریکردن لە پڕۆسەیەکی سیاسی کە مافەکانیان دەستەبەر بکات، هاوشێوەی مۆدێلی هەرێمی کوردستان بیرلێبکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی مەکانی ئیسڕائیلی، لە کاتێکدا کە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان کە بریتین لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هەوڵەکانی تورکیا بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی کورد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی سەرەتایی لەنێوان بەرپرسانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرپرسانی ئیسرائیل هەبووە.
دووشەممەی ڕابردوو، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند؛ خوازیارین کۆتایی بەو هێرشانە بێت، کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیاوە دەکرێنە سەر کوردەکان لە مەنبەج.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی لەسەر پێویستی “پابەندبوون و بەکردەوەی هەنگاونانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد کردەوە کە ئازایانە دژی داعش شەڕیان کردووە”.
وتیشی: لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە.
هاوکات جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی سووریا کردۆتەوە بۆ ئەوەی داوایان لێبکات دووربکەونەوە لە پەرەسەندن لەگەڵ دروز و کوردەکان.
چوارشەممەی ڕابردوو، “هێزەکانی سوریای دیموکرات” ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە مەنبەج بە نێوەندگیری ئەمریکا “بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی” ئەنجامدراوە، بەڵام بەرپرسانی کورد لە ئیدارەی خۆسەر ڕایانگەیاند؛ کە تورکیاو گرووپە بەکرێگیراوەکانی پابەندی ئاگربەست نەبوون.